کوردستانی

هۆکار و چارەسەری گرانبوونی نرخی بەنزین ئاشکرا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆکار و چارەسەری گرانبوونی نرخی بەنزین ئاشکرا دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت لیژنەکەیان دوایان کردووە وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەبێت لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین.

کاروان گەزنەیی، ئەندامی  لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان  بە مەودا میدیای راگەیاند "بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دۆخی هاووڵاتییانی زیاتر گرانکردووە، لێرە بە کورتی باس لە هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی بەنزین دەکەین، کە لە رێگەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانەوە گفتوگۆمان لە بارەوە کردوون و داوامان کردووە وەزیری سامانە سروشتییەکان ئامادەبێت لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە ماوەکانی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 483 لە رێکەوتی 8ی شوباتی 2021 بڕیارێکی دەرکردووە و لە رێکەوتی 26ی شوباتی 2021  ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە، کە تیایدا وەزیری سامانە سروشتییەکان داوای بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی کردووە بە خشتەیەکی لکێندراو بە نووسراوەکەوە, ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین, چونکە ستانداردەکانی داخڵبوون زۆر بەرزکراونەتەوە، مەبەستێکی سەرەکی لەم نووسراوە بۆ رێگریکردن بووە لە هاوردەکردنی بەنزینی نۆرمال، محسن و سوپەر، گازوایل، دیزڵ، نەوتی سپی".

ئەوەشی خستەڕوو "لە مانگی چوار لە دەروازەی باشماخ نزیکەی 2000 تانکەر بەنزین داخڵ بووە، بەڵام لە مانگی پێنج نزیکەی 50 تانکەر داخڵ بووە کە بەشی بەنزینی چەند کاتژمێرێک ناکات. لە دەروازە سنوورییەکانی دیکە بە هیچ شێوەیەک رێگە بە داخڵ بوونی بەنزین نەدراوە، دووبارە، مەبەست ئەوە بووە کە بەنزینی کۆمپانیای کار لە خەزانەکان ساغ بکرێتەوە".

باسی لەوەشکرد "رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، کە نەچنە ژێرباری هیچ هەوڵێکی چاوچنۆکی لە پێناو بەرژەوەندی چەند کەسێکەوە، بەڵکو ئەرکی حکومەتی هەرێمە نرخی بەنزین جێگیر بکات کە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بێت، لەئێستادا هاوردەکردنی بەنزین بە هەموو شێوەیەک لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە قۆرغکراوە و رێگە بە کۆمپانیای دیکە نادرێت بەنزین داخڵ بکات".

سەبارەت بە چارەسەری گرانبوونی نرخی بەنزین وتی "تەنها دوو چارەسەر هەیە، یان گرێبەست لەگەڵ پاڵاوتگە ناوخۆییەکان بکرێت و نرخی بەنزین لە کەمتر لە 500 دینار جێگیر بکرێت، یان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەو هەموو باج و رسووماتە لاببات و رێگە بدات لە رێگەی بازاڕی ئازاد و کێبڕکێوە داخڵبکرێت، بە مەرجێک نرخی هیچ لیترێک لە جۆرەکانی بەنزین 600 دینار تێپەڕ نەکات".

س.س
Qaiwan
Qaiwan