کوردستانی

"کورسییەکانی کورد لە هەڵبژاردنەکەی عیراق نەک کەم ناکات بەڵکو زیاد دەکات"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"کورسییەکانی کورد لە هەڵبژاردنەکەی عیراق نەک کەم ناکات بەڵکو زیاد دەکات"
مەودا میدیا-

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشکرایکرد "لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بڕیارە لە مانگی دەی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، کورسییەکانی کورد بەتایبەت پارتی و یەکێتی نەک کەمناکەن، بەڵکو زیاد دەکات، بەهۆی ئەوەی حزبەکان پێشتر خۆیان رێژەی کورسییەکانیان دیاریکردووە، بەڵام ئەگەر لە ناوچە جێناکۆکەکان ساختەکاری نەکرێت بێگومان دەنگەکانی کورد بە گشتی کەمدەکات".

رێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان لەسەر سیستمی بازنە و رێژەی کورسییەکانی کورد لە بەغدا بە مەودا میدیای راگەیاند "کورسی و دەنگەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عیراق لە ئەنجومەنی نوێنەران وەک خۆی دەمێنێتەوە، راستە سیستمی بازنەیە، بەڵام حزبەکان ئامادەکارییان کردووە و خۆیان پێشتر شوێنەکانیان دیاریکردووە، رەنگە کورسییەکان زیادیش بکات نەک کەم، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان".

سەبارەت بە ناوچە جێناکۆکەکان ئاماژەی بەوەشکرد "لە ناوچە جێناکۆکەکان بێگومان ئەگەر ساختەکاری نەکرێت دەنگەکانی کورد بە گشتی کەمدەکات، هەربۆیە کورد کورسییەکانی خۆی لە ناوچە جێنۆکەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دەستدەدات، پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە".

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بریاریدا لە مانگی دەی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرێوەبچێت، دیاریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەژێر فشاری هاوڵاتییان و خۆپیشاندەرانی سەرجەم پارێزگاکانی خوارووی عیراق بوو.

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan