راپۆرت

رەئیسی؛ لە لیژنەی مەرگەوە تا سەرۆکایەتی کۆمار

مەودا میدیا - سلێمانی |


رەئیسی؛ لە لیژنەی مەرگەوە تا سەرۆکایەتی کۆمار
مەودا میدیا - راپۆرت

ئێرانییەکان دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی نۆیەمین سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان دا، هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رانەگەیەنراوە، بەڵام هەموو ئاماژەکان وا دەردەکەون کە ئیبراهیم رەئیسی براوەی هەڵبژاردنەکەیە و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەش لە ئێستاوە دەستیان بە ناردنی پەیامی پیرۆزبایی کردووە، ئێستا کاتی ئەوەیە هەموان بزانن ئیبراهیم رەئیسی کێیە؟

ئیبراهیم رەئیسی ساڵی 1960 لە خۆراسانی ئێران لە بنەماڵەیەکی ئاینپەروەر لەدایکبووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە چووەتە بەر خوێندنی ئاینی، دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ کچی یەکێک لە پیاوە ئاینییە توندئاژۆکانی ئێران کردووە کە ئیمامی شاری مەشهەد بووە.

رەئیسی، یەکێک بوو لە پشتیوانانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دوای سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە 1979 چەندین پۆستی گرنگی وەرگرتووە، ساڵی 1980، رەئیسی کە تەمەنی تەنها 20 ساڵ بوو وەکو داواکاری گشتی شاری کەرەج دەستبەکاربوو، ساڵی 1982 لەگەڵ مانەوەی لە پۆستەکەی پێشوویدا هاوکات پۆستی داواکاری گشتی هەمەدانیشی وەرگرت، دواتر و لە ساڵی 1985دا وەکو جێگری سەرۆکی داواکاری گشتی تاران دەستبەکاربوو، دوای پێنج ساڵیش، کرا بە سەرۆکی داواکاری گشتی تاران، کە ئەمەیان پۆستێکە تەنها بە کەسانی نزیک لە رابەری شۆڕشی ئێران دەدرێت.




لیژنەی مەرگ
لاپەڕە ترسناکەکەی مێژووی ئیبراهیم رەئیسی


ساڵی 1988 دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان عیراق و ئێران، ئیبراهیم رەئیسی کرا بە سەرۆکی لیژنەیەک بۆ بڕیاردان لە چارەنوسی زیندانیانی سیاسیی، لیژنەکە بە لیژنەی مەرگ ناسرابوو، بڕیاری لەسێدارەدانی هەزاران کەسی دەرکرد، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەسەر ئەندامبوون لە حزبی تودەی و موجاهدینی خەلق دەستگیرکرابوون. 

یەکێک لە گەورەترین تاوانەکان کە لە ئێران دژی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدراوە، رەئیسی لێی بەرپرسە، هاوینی ساڵی 1988 بە بڕیاری رەئیسی، فەرمانی لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ بەسەر دەیان چالاکوانی سیاسییدا سەپێنرا.


دواتر رەئیسی کرا بە جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و تا ساڵی 2014 لەو پۆستەدا مایەوە، پاشانیش کرا بە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کە بە یەکێک لە گرنگترین جومگەکانی دەسەڵات لە ئێران دادەنرێت.

ئیبراهیم رەئیسی لەو پۆستەیدا مایەوە و هاوکات ساڵی 2017 خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ئێران کاندید کرد، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەدا نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و بەرانبەر روحانی شکستی هێنا.



 
رەئیسی و سزاکانی ئەمەریکا

بەهۆی کارەکانی رەئیسی لە لیژنەی مەرگدا، کە بەرپرسە لە لەسێدارەدانی هەزاران کەس، ئەمەریکا سزای گەورەی بەسەریدا سەپاندووە، کۆشکی سپی ناوی ئیبراهیم رەئیسی خستووەتە ناو لیستی ئەو نۆ  بەرپرسە ئێرانیەی کە تاوانی گەورەیان دژی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامداوە.




بەڵێنەکانی رەئیسی

ئیبراهیم رەئیسی لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا، کۆمەڵێک بەڵێنی بە ئێرانییەکان دا، لەوانە:

درووستکردنی چوار ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون.
بەردەستکردنی ملیۆنێک هەلی کار لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیدا.
هاوکاریکردنی 700 هەزار گەنج بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە هەر ساڵێکدا.


ئێستا دەبێت ئێرانییەکان چاوەڕێ بکەن، ئایا رەئیسی، دوای دەستبەکاربوونی وەکو نۆیەمین سەرۆک کۆمار، بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات، یان ئەزموونی لیژنەی مەرگ دووبارە دەکاتەوە.

ئامادەکردنی: بەڵێن عزەت میکە

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن