چاوپێكەوتن

بزووتنەوەی چەپ هەر دەبێت گەشە بکات، چونکە گوزارشت لە یەکسانیی مرۆڤ، ئازادی و دادپەروەری دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بزووتنەوەی چەپ هەر دەبێت گەشە بکات، چونکە گوزارشت لە یەکسانیی مرۆڤ، ئازادی و دادپەروەری دەکات
مەودا میدیا-

بزووتنەوە و حزبەكانی خاوەن بیری چەپ لە كوردستان و عیراقدا لە قەیرانی گەورەدان، هۆكارەكانی چین و بۆچی سەرەڕای مێژوویەكی دوورودرێژ كەچی نە گەیشتوونەتە دەسەڵات و نە كاریگەرییەكی ئەوتۆیشیان هەیە.
لە زنجیرەی دووەمی بەرنامەی (دوان)دا میوانداری بەڕێز فواد مەجید میسر، نووسەر و رەخنەگرمان كردووە.

دەمەوێت بە قسەکردن لەسەر مێژووی چەپ لە باشووری کوردستان دەستپێبکەین، هەندێک بۆچوون هەیە کە پێیوایە مێژووەکە نزیکە لە مێژووی دروستبوونی چەپ لە عیراق، چونکە هەندێک کەسایەتیی کورد لە دروستبوونی حزبی چەپ لە عیراقدا بەشداربوون، جەنابت بۆچوونت لەبارەی ئەو مێژووەوە چییە؟
فواد مەجید میسری:
سوپاستان دەکەم، راستییەکەی فکری چەپ و سۆسیالیستی لە جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، نەک لە کوردستان و عیراق، بەڵکو لە هەموو ناوچەکە بڵاوبووەوە، چونکە کاریگەریی یەکێتیی سۆڤیەت لە ناوچەکە زۆر بوو و پەیوەندیشی لەگەڵ هەمووان هەبووە بە قوڵی، بەتایبەتی خەڵکێکی زۆر لەوانەی لە سوپای عوسمانیدا بوون و گەڕاونەتەوە، جا سەرباز یان ئەفسەر بووبن، گەڕاونەتەوە و هەندێکیشیان هەر دیلیش بوون لەلای قەیسەری روسیا، بەڵام کە شۆڕشی سۆسیالیزم کراوە ئەوان بەربوون و روسیاش لە شەڕەکە هاتووەتە دەرەوە، گەڕانەوەی ئەو ئەفسەر و سەربازانە بیروڕای سۆسیالیستی و بەلشەفیکەکانیان لە سۆڤیەتەوە هێناوەتەوە بۆ ئەم ناوچەیە. بۆ نموونە؛ لە ساڵی 1920 مێجەرسۆن بروسکەیەکی نووسیوە بۆ حاکمی سیاسیی عیراق، نووسیویەتی لەکاتێکدا کە ئەم وڵاتە لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە، خەڵک لە سلێمانی بە ئاشکرا باسی کۆمۆنیست و سۆسیالیست دەکەن، ئەمە بەڵگەیەکی روونە بۆ ئەوەی هزرەکە لەو کاتەوە هەبووە، بەڵام فۆرمەلە نەبووە.
هۆکارێکی تریش ئەوەبووە، پەڕاگەندەیی ئەوانەی لە دەسەڵاتی عوسمانیدا لە خزمەت هزری ئیسلامی و عوسمانیدا بوون، زۆر بە قورسی بەرەنگاریی چەپەکان بوونەتەوە و تەنانەت گەیشتووتە "تەسفیە" کردنیش، بەڵام لە عیراقی عەرەبیدا، زنجیرەی رۆشنبیری درووستبووە و لەناویاندا، هزری سۆسیالیزمیان دیراسەکردووە و خەڵکی لەسەر پێگەیەندراوە و ساڵی 1934یش کە حزبی شیوعی دروستدەبێت هەر ئەنجامی ئەوە بووە.

بەڵام ئایا مێژووەکە لە کوردستان هاوکاتە لەگەڵ ئەو مێژووەی کە بەڕێزت باستکردووە یان کاتێکی زیاتری ویستووە تا فكری چەپ گەیشتووەتە کوردستان؟
فواد مەجید میسری:من وەکو وتم، ساڵی 1920 مێجەرسۆن پەیامی ناردووە و وتویەتی لە سلێمانی بە ئاشکرا باسی سۆسیالیزم دەکرێت.

من زیاتر مەبەستم فۆرمەلەبوونەکەیەتی لە کوردستان، ئایا کەی فۆرمەلە بووە؟
فواد مەجین میسری: فۆرمەلەبوونەکەی لەدوای دروستبوونی حزبی شیوعی عیراقەوە بووە، بەڵام ئەوەمان بیرنەچێت کە لە دروستبوونییەوە حزبی شیوعی کوردیشی تیادا بووە، بۆ نموونە هەمزە عەبدوڵڵا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی حزبەکە.

کاریگەرییان وەکو کاریگەریی دامەزرێنەرە عەرەبەکان بووە لەناو حزبەکەدا؟
فواد مەجید میسری: بەدڵنیاییەوە کەسێکی وەکو هەمزە عەبدوڵڵا لە ساڵی 1937 لە کۆلێژی یاسا دەردەچێت، بەڵام سێ ساڵ پێشتر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی حزبەکە، کەواتە بیری سۆسیالیزم زیاتر لەناو خوێندکاراندا برەوی هەبووە، ئەگەرچی کاتی خۆی بزووتنەوەی کرێکاران بەهێزبووە، بۆ نموونە؛ محەمەد ساڵح قەزاز، دێتە مەیدان و رۆڵیکی زۆر دەبینێت لە دروستکردنی سەندیکای کرێکارانی عیراق.

رۆڵ و کاریگەریی سۆڤیەت لەسەر فۆرمەلەبوون و بە حزببوونی شیوعییەکانی عیراق هەبووە؟
فواد مەجید میسری: بەڵێ بێگومان کاریگەرییەکەش زۆر بووە، هەندێک لە شیوعییەکان هەلومەرجی دامەزراندنیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکو لە سۆڤیەتەوە ئاماژەیان بۆ هاتووە، کەواتە دروستبوونەکە هەر خۆی دروستبوونێکی "ستوونی"یە.

ئاماژەتان بەوەدا کە هەلومەرج نەڕەخساوە وەکو پێویست چەپەکان حزب دابمەزرێنن و کاربکەن و بەهێزبن، ئەمە پەیوەندی بە سروشتی کۆمەڵگەکانەوە هەبووە یان پەیوەندی بە سیاسەتی بەریتانیا و ئامادەیی ئەو لە ناوچەکە هەبووە؟
فواد مەجید میسری: فاکتەر زۆرە، فاکتەری ئایینی کە ئەوە دەچێتە خانەی رێگریی کۆمەڵایەتی و نەریتییەوە و رۆڵی سیستمی سیاسیی لە عیراق کە نیمچە کۆڵۆنیاڵی و نیمچە دەرەبەگی بووە و لەژێر هەژموونی بەریتانیا بووە و بە سیاسەتی بەریتانیا ئیشیکردووە، بەهەموو توانایان دژی ئەو بزووتنەوانە بوون، ئەگەر سەرنج بدەی لە قۆناغێکی تردا پەیمانی بەغدا مۆر دەکرێت كە یەکێک لە ئامانجەکانی بۆ رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی هزری سۆسیالیزم.

دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان دادەمەزرێت لەسەر دەستی کەسانی وەکو هەمزە عەبدوڵڵا و ئیبراهیم ئەحمەد، هەمزە عەبدوڵڵا بە یەکێک لە چەپەکانی ناو پارتی دانراوە، ئایا هۆکاری چی بووە ئەو لە حزبی شیوعییەوە هاتووەتە ناو پارتی کە زانیویەتی پارتی حزبێکی چەپ نییە؟
فواد مەجید میسری: بەداخەوە هەمزە عەبدوڵڵا بیرەوەرییەکانی نەنووسیوەتەوە و من وەکو خۆم لە هیچ نووسینێکدا نەمبینیوە کە بۆچی وازی لە شیوعی هێناوە، بەڵام دەزانم کە هەمزە عەبدوڵڵا چووەتە مەهاباد و لە سەروبەندی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا لەوێ بووە، بۆیە پێدەچێت سەرسامی ئەو شێوازە خەباتە بووبێت، ئەوکاتیش باکووری ئێران لەژێر هەیمەنەی سۆڤیەتدا بووە، ئەوانیش مەبەستیان بووە کە پرسە نەتەوایەتییەکان بقۆزنەوە و کورد و ئازەرییەکان بەکاربهێنن و حزبی شێوە مۆدێرنیش دروستبکەن، بۆ زانیاریت مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە دامەزراندنی پارتی لە دامەزرێنەران نەبووە، بەڵام هەمزە عەبدوڵڵا لە سەرەتاوە لەگەڵی بووە و لە دامەزرێنەران بووە.
بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین، شێوەی پێکهاتنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو ئەو ناکۆکیانەی لە خۆیدا کۆکردەوە و لەدوای 20 ساڵ لە دامەزراندن ئەو ناکۆکییە تەقییەوە.

بەشی زۆری دامەزرێنەران و سەرکردەکانی پارتی لە چەپەکان بوون، بەڵام نەیانتوانی پارتی بەرەو چەپبوون ببەن، بەڵکو ئاراستەی مەلا مستەفا سەرکەوت، ئەمە بۆ؟
فواد مەجید میسری: راستییەک هەیە دەبێت بزانرێت، لە رۆژی دروستبوونی پارتییەوە، بارزانی کە ناردوویەتی بەدوای مامۆستا هەمزەدا، ئەو دوو مەرجی هەبووە، یەکەم ئەوەیە کە دوو سەرۆک و دوو جێگری هەبێت، دووەمیش ئەوەیە کە هەردووکیانی دیاریکردووە، کە یەکێکیان کاکە زیادی کۆیە و یەکێکێشیان شێخ لەتیفی حەفیدە.
ئەگەر لە رووی پێکهاتەکەیەوە سەرنج بدەی، باقی ئەوانەی سەرکردایەتی پارتیان کردووە، ئەوانەن کە خاوەنی پیشەی ئازاد بوون، یان بۆرژوای بچووکن، سەرنج بدە یان دکتۆر یان پارێزەر یان ئەندازیار بوون و یەک دوو مامۆستایشی تیادا بووە.
ئەمە لە دروستبوونیدا لەگەڵ خۆیدا لە هەناویدا ناکۆکی هەڵگرتووە، چونکە لەلایەک ئەوانە بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیان دوو جێگرەکە کە ئامادەییان هەبووە لە کوردستاندا، هەردووکیان پێگەی کۆمەڵایەتیان دیارە و دوو کەسی دەرەبەگ بوون، ئەمە وردە بۆرژوایە، بەحساب شۆڕشگێڕتر بوون لە رووی هزر و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییان بە زانستەوە، ئەم ململانێیە لەناو هەناوی پارتیدا هەر هەبووە، بەڵام لەدوای 20 ساڵ دەتەقێتەوە.

بەڵام دەرئەنجام چەپەکان شکستیان خوارد، وانییە؟
فواد مەجید میسری:
بەڵی، بەڵام ئەوە بە چەند قۆناغیک بووە، قۆناغی یەکەم لە کۆنگرەی پێنجەمەوە بوو کە هەمزە عەبدوڵڵا و 16 کەسی تریان دەرکرد بەتۆمەتی ئەوەی کە پەیوەندییان بە حزبی شیوعی عیراقی و یەکێتی سۆڤیەتەوە هەیە، ئەوانە بە گروپی 17 کەسەکە یان گروپی هەمزەیی ناسراون، ئەو مێژووە لە رۆژهەڵاتیش دووبارە بوویەوە، لەوێ بوو بە گروپی 7 کەسی، کەریمی حیسامی و هێمن موکریانی و چەندانی تر بە هەمان ئاراستە تۆمەتبار کران و دوورخرانەوە، ئەمە هەردوو رووداوەکە یەک بنەمای هەبووە.

بەڵام دەبینی لە سەرەتای حەفتاکانەوە، دووبارە بیری چەپ بەشێوەیەکی تر خۆی فۆرمەڵە دەکاتەوە، لە دروستبوونی کۆمەڵەی مارکسی- لینینییەوە ئەم مێژووە دەستپێدەکاتەوە، هۆکاری ئەمە چییە دوای ئەو هەموو ساڵە چەپەکان خۆیان رێکدەخەنەوە؟
فواد مەجید میسری:
هزری چەپ هزرێکی زۆر کۆنترە لەو مێژووانەی ئێمە دەیانبینین، تایبەتمەندییەکی هزری چەپ ئەوەیە قسە لەسەر ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی دەکات، ئەمانەش بە درێژایی مێژوو بەردەوامییان هەیە، بۆیە دەبینین لە مێژوودا کەسێکی وەکو تۆماس مۆر، کە ئەوکات مارکسیەت هەر لە ئارادا نەبووە، لە رووی هزرییەوە دنیایەکی دروستکردووە کە چین و چەوسانەوە تیایدا نەبووە.
سەبارەت بە سەرەتای حەفتاکان، ئەوکاتە لە کوردستان بووژانەوەیەکی هزری لە کۆمەڵگەدا دروستبوو، ئەوکات کاریگەریی بزووتنەوە چەپەکانی وەکو بزووتنەوەکەی جیڤارا و بزووتنەوەکانی فەلەستین و شۆڕشی ڤێتنام کە بەردەوام سەرکەوتنی بەدەستدەهێنا و ئەمەریکای لەو وڵاتە کردە دەرەوە، ئەوانە کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەبوو، من خۆم لەو کاتەدا شتم نووسیوە لەسەر بزووتنەوەی زەفار لە عەمان کە بزووتنەوەیەکی چەپ بوو، شای ئێران سوپای نارد بۆ ئەو وڵاتە بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەکە، ئەمانە هەموویان کاریگەرییان لەسەر خەڵک هەبوو و توێژی رۆشنبیر بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا کە لە دەرەوەی ئەو سیاسەتە باوەی لە ئارادابوو بیربکاتەوە.

هۆکارێکی تر ئەوە نەبوو، کە ئاراستەی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردی لەو کاتەدا کە دانوستانیش لەئارادابوو لەگەڵ حکومەت زیاتر گرنگی بە دەرەبەگ و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەدا و گەنجەکان پەراوێزخرابوون؟
فواد مەجید میسری:
رەنگە ئەوە یەکێک لە فاکتەرەکان بووبێت، بەڵام فاکتەری سەرەکی ئەوەبوو کە بەئاشکرا هەستی پێدەکرا، نزیکەی دە ساڵ بوو لە کوردستاندا  شەڕ هەبوو و ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە بزووتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی لەت بوو، دوو هێز و دوو سەرکردایەتی دروستبوون، خەڵک زۆر لەوە نائومێد بوو، هەرچەندە بەیانی 11ی ئازار جۆرێک لە متمانەی بۆ باڵی بارزانی هێنایەوە، تەنانەت لە ئاستی عیراقیشدا بۆچوونی باو ئەوەبوو کە ئەمە دەبێتە هۆی جۆرێک لە ئاشتەوایی، تەنانەت حزبی شیوعی و یەکێتی سۆڤیەتیش پشتیوانی بەیانی 11ی ئازاریان دەکرد.
بۆیە بابەتەکە تەنها یەک فاکتەر نییە، من پێموایە لەناو بزووتنەوەی چەپی ئەو سەردەمەدا مونەزیر نەبوو، من خۆم یەکێک بووم لەوانەی لەو سەردەمەدا شتم نووسیوە، ئێمە وا ئاراستە دەکراین کە پشت ببەستین بە نووسینەکانی مونەزیر و بیرمەندە فەلەستینی و عەرەبەکان، من خۆم باوەڕم بەو ئاراستەیە نەبوو.

ئەو ئاراستە چەپەی کە لە کۆمەڵەدا فۆرمەلە دەبێت، دەبینین زۆر درێژە ناکێشێت و خۆی دەتوێنێتەوە لەناو یەکێتیدا، هەرچەندە دواتر لە حزبی شیوعی و حزبەکانی تردا چەپایەتیی درێژەی پێدەدرێت، بەڵام دەبینین چەپەکان نەیانتوانی ئەنجامێکی ئەوتۆیان هەبێت، لەگەڵ ئەوەی راپەڕین کرا و ئازادی بەرپابوو، بەڵام چەپەکان لەو قۆناغەشدا سەرکەوتوو نەبوون؟
فواد مەجید میسری:
بەدرێژایی مێژووی خۆی، چەپ لە کوردستاندا دژایەتی کراوە و تەسفیە کراوە، من پێموایە پێش ئەوەش حزبی شیوعی زۆر بێوەی بوو بەرانبەر خەڵک و حزبەکانی تریش، دروشمی خراپیشی نەبوو، دژایەتی بزووتنەوە کوردییەکانیشی نەدەکرد، بەڵام ئەوان کۆمەڵکوژ کران، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان هەبێت خەڵک سووتێنراوە، من ئەمانە وەکو نموونە باسدەکەم، دواتر لە ساڵی 1967 دووبارە تەوژمێکی تر هاتەئاراوە و کۆمەڵکوژی کۆمەڵێکی تری شیوعی کران، من مەبەستم ئەوەیە بە درێژایی مێژوو ئەم سەرکوتکردنە هەر هەبووە.
بەڵام من پێموایە کەموکورتی هزری لەلای بزووتنەوە چەپە کوردییەکان کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە و وایکردووە کە نەتوانن ئەرکە مێژووییەکەی خۆیان دیاری بکەن و پێی هەڵسن، سەبارەت بە دوای راپەڕین، ئەوکات رەوتی کۆمۆنیست هەبوو، رۆڵێکی باشیان لە راپەڕیندا هەبوو، بەڵام سەرنج بدە، دوای راپەڕین ئەوان جەماوەرێکی باشیان هەبوو، خۆپیشاندان و چالاکییان ئەنجام دەدا، بەڵام ئەوکات هەندێک درووشمیان بەرزدەکردەوە کە لەگەڵ خواستی خەڵکدا نەدەگونجا، بۆ نموونە دژی ئەوەبوون کە حکومەتی کوردی دروستبکرێت و هەڵبژاردن بکرێت، ئەمە هەڵەی ستراتیژی بوو.

پێتوایە ئەمەیان پێکراوە یان دەرئەنجامی بیرکردنەوەی خۆیان بووە؟
فواد مەجید میسری:
سەختە بڵێین پێیان کراوە، من پێم وایە ئەنجامی کەموکورتی هزریی بووە، نەیانتوانی دۆخەکە بقۆزنەوە، من کاتی خۆشی پێموتوون کە هەڵوێستەکەیان هەڵەیە، ئەوان وەڵامیان ئەوەبوو کە ئەم حزبانەی دەگەنە دەسەڵات حزبی بۆرژوازین، من پێموتن بۆچی وەکو لینین بیرناکەنەوە کە زۆری مەبەست بوو چەند ئەندامێکی بچنە ئەنجومەنی دۆماوە، کە چاک دەیزانی ئەنجومەنەکە هی بۆرژوازەکانە.

یەکێکی تر لە لایەنەکانی پێشکەوتنی هەر بزووتنەوەیەک پەیوەستە بە پرسی بەخۆداچوونەوە و ریفۆرم، پێت وانییە یەکێک لە هۆکارەکانی پێشنەکەوتنی چەپەکانی کوردستان ئەوەیە کە نەیانتوانیوە دنیابینی نوێ بۆ هزری چەپ بهێننە ئاراوە؟
فواد مەجید میسری:
من پێموایە ئەوەی کە بزووتنەوە چەپەکانی جیهانی بەم دۆخە گەیاندووە، کۆنگرەی بیستەمی حزبی شیوعی روسییە، ئەو کۆنگرەیە ئاراستەی چەپەکانی گەیاندە ئێستا، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ کۆنگرەکە و ئەو بۆچوونانەی کە سۆسلۆف و بۆناماری خستیانەڕوو و برەویاندا بە حزبە بۆرژوازییە بچووکەکان و پشتیوانیی کودەتاکانی جیهانی سێیەمیان کرد، دەبینیت ئەوە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئێستاش هەیە، ئەگەر ئەوە نەبووایە دۆخەکە نەدەگەیشتە ئێستا، بۆیە نوێبوونەوە لە هزری مارکسیەتدا چییە؟ مارکس هەرگیز شتی رەهای نەوتووە، من بە ئەندازەی پێویست دیراسەم کردووە، مارکس دەڵێت درەختی ژیان بەردەوام سەوزە، واتە بەردەوام بەرهەمی نوێ پێشکەش دەکات.

باشە ئێستا چۆن دەڕوانیتە رەوتە چەپەکان، پێتوایە ئاییندەیەکی باشیان دەبێت؟ ئایا کۆکردنەوەی رەوت و کەسایەتییە چەپەکان ئەگەرێکە لەئارادابێت؟ یان بە پێویستی دەزانیت؟
فواد مەجید میسری:
من پێموایە بزووتنەوەی چەپ هەر دەبێت گەشە بکات، چونکە گوزارشت لە یەکسانیی مرۆڤ، ئازادی و دادپەروەری دەکات، لەبەرئەوە هەتا نادادی و نایەکسانی هەبێت بزووتنەوەی چەپیش گەشە دەکات، تەنانەت لە کوردستانیش، حکومەتی کوردستان کەمی بەرانبەر چەپەکان نەکردووە، بە رێگە و شێوەی جیاواز دژایەتی چەپەکان کراوە، جاری وا هەبووە حزبەکانی تر کردوویانە جاری وا هەبووە حزبە ئیسلامییەکان کردوویانە، بەڵام سەبارەت بە درووستبوونی بەرەی چەپ، من باوەڕم وانییە ئەوە بێتە ئاراوە.

کەواتە تاکەی ئەم بزووتنەوە چەپانە لەم دۆخەدا دەبن؟
فواد مەجید میسری:
ئەوە جوڵەی مێژووە، کۆمەڵگە پێوەر و یاسای خۆی هەیە، راستە مرۆڤیش کاریگەری هەیە، بەڵام هەر لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدایە کە بۆی دانراوە، بۆ نموونە لە ئاستی ئابووریدا سەرنج بدەیت، ئێستا سەرمایەداری گەورەی کورد هەیە، بەڵام ئەم سەرمایەدارانە تائێستا شێوەی سەرمایەداری کۆمپرادۆری هەیە، ئەو سەرمایەدارە ئامادە نییە بنەمایەکی ئابووریی بەهێز لە کوردستاندا دروستبکات، کارگە دروستبکات، یان پارەکانی دەنێرێتە بانکەکانی دەرەوە، یان کەلوپەلی بیانی دەهێنێت و لێرە ساغی دەکاتەوە، هەرکاتێک بۆرژوازی کوردی توانی وەکو پێویست رۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت، لەگەڵیدا بتەوێ و نەتەوێ بزووتنەوە چەپەکانیش رۆڵی خۆیان دەبینن، بۆیە نە دەسەڵاتی کوردی و نە سەرمایەداری کوردی ئامادەنین ژێرخانی ئابووری کوردستان بینابکەن، بۆیە دەبینی بۆرژوازییەکەش بۆرژوازییەکی کۆمپرادۆرییە، ئەو بۆرژوازییە نیشتمانییە نییە کە لە وڵاتانی جیهاندا بووەتە هۆی دروستبوونی چینێکی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێن.

خ.غ 


Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن