کوردستانی

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هاوپەیمانان هێرشەکانیان راگرتووە و داعش خۆی رێکخستووەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هاوپەیمانان هێرشەکانیان راگرتووە و داعش خۆی رێکخستووەتەوە
مەودا میدیا-

فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد "چەکدارانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش ماوەی مانگێکە دەستیان بە جموجوڵ و چالاکیی کردووە، هۆکارەکەشی بۆ راگرتنی هێرشەکانی هاوپەیمانان دەگەڕێتەوە، پاش ئەوەی چوار ژووری ئۆپەراسیۆن لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بەمەبەستی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان پێکهێندرا، تائێستا هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامنەدراوە".

غازی فەیسەڵ، فەرماندەی خۆبەخش لە دەشتی قەراج و بناری شاخی قەرەچوغ لە هێزەکانی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لەماوەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆردومانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆرستی داعشیان دەکرد، زۆر بچووک ببوونەوە و بارودۆخیان تێکچووبوو، بەڵام ماوەی مانگێک زیاترە بەهۆی ئەوەی هاوپەیمانان هێرشەکانیان بۆ سەر داعش راگرتووە، خۆیان رێکخستووەتەوە و دەستیان بە جمجوڵ و چالاکی کردووە، ئەو هێرشانەی کە ئەنجامی دەدەن هێرشی ترسنۆکانەیە و تەنها کاری تەقینەوەی بۆمب و وێستگەی کارەبا لە درەنگانی شەودا دەکەن، هێرشی راستەوخۆیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامنەداوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "پاش ئەوەی چوار ژووری ئۆپەراسیۆن لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا پێکهێندرا کە یەکیان تایبەتە بە مەخمور و سەرجەمیان بەمەبەستی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی داعش پێکهێندرا، بەڵام تائێستا هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئەنجامنەدراوە و کارەکان زۆر بە لاوازی دەڕۆن، بەداخەوە لەکاری سەربازییدا ئەگەر کارەکان لاواز بێت کاریگەری خراپی بۆ سەر ئاسایش دەبێت، لەئێستادا ئاسایش و ئەمنییەتمان پارێزراو نییە".

سەبارەت بە هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا روونیکردەوە "بەدڵنیاییەوە کاری هەماهەنگی لەنیوانماندا هەیە، سوپای عیراق بەرانبەر بە ئێمە بینایەکی کردووەتەوە و کارەکانی خۆی ئەنجامدەدات و هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوانماندا هەیە و پێکەوە راوێژ و گفتوگۆی کارە سەربازییەکان دەکەین، لەماوەی هەفتەی رابردوودا داعش سێ هێرشی تەقینەوەی ئەنجامداوە".

ئەمەش دوای ئەوەدێت ماوەیەکە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش جموجوڵ و چالاکییان لە ناوچەکانی سنووری کەرکوک و پارێزگاکانی خوارووی عیراق دەستپێکردووەتەوە و لەماوەی رابردوودا لە چەند هێرشێکدا ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون.

پ.ح
Qaiwan
Qaiwan