کوردستانی

كەركوك.. چارەسەری كێشەی شوقەكانی پەنجا عەلی دەكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


كەركوك.. چارەسەری كێشەی شوقەكانی پەنجا عەلی دەكرێت
مەودا میدیا-

لێپرسراوی پەیوەندیەكانی مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك رایدەگەیەنێت لایەنە سیاسییەكانی كەركوك لە بارەی پرسی كێشەی كوردەكانی گەڕەكی پەنجا عەلی كۆبونەتەوە و دەیانەوێت ئەو كێشە چارەسەر بكەن.

جەنگی عیزەدین، لێپرسراوی پەیوەندیەكان لە مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك بە مەودا میدیای راگەیاند "بەشی پەیوەندیەكانی لایەنە سیاسییەكانی كەركوك لە بارەی كێشەی دانیشتوانی شوقەكانی گەڕەكی پەنجا عەلی لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی حزبەكان كۆبوونەتەوە و دەیانەوێت چارەسەری ئەو كێشەیە بكەن".

ڕوونیشی كردەوە "بڕیاری دەركردنی ئەو كوردانە هیچ پەیوەندی بە راكان جبوری، پارێزگاری كەركوكەوە نییە، بەڵكو وەزیرێكی كورد لە كابینەی ئێستای حكومەتی عیراق ئەو بڕیارەی دەركردووە".

ئەوەشی خستەڕوو "هەوڵەكان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی كێشەی دانیشتوانی ئەو شوقانە چارەسەر بكرێت".

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا كوردەكانی دانیشتوی شوقەكانی گەڕەكی پەنجا عەلی لە كەركوك كە ژمارەیان 180 ماڵ دەبێت داوایان لێكراوە ماڵەكانیان چۆڵ بكەن و ئەوەش ناڕەزایەتی بە دوای خۆیدا هێناوە.

Qaiwan
Qaiwan