راپۆرت

لە سەماکاری یانە شەوانەکانەوە بۆ سەرۆکایەتی حزبێکی گەورە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە سەماکاری یانە شەوانەکانەوە بۆ سەرۆکایەتی حزبێکی گەورە
مەودا میدیا-

لە کۆمیدیاوە دەستیپێکرد و بوو بە سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین حزبەکانی ئیتاڵیا، وەکو نمایشکارێک کاری بۆ ئەوە دەکرد بینەران بخاتە پێکەنین، دواتر سەر شانۆی بەجێهێشت و رووی لە سیاسەت کرد، ئەو پیاوەی لە ئۆتێلە پێنج ئەستێرەکاندا سەمای بۆ میوانە مەستەکان دەکرد، بزوتنەوەیەکی دامەزراند کە ملیۆنان دەنگدەری لەخۆی کۆکردەوە. 

پیپ گریلۆ، دامەزرێنەری بزووتنەوەی پێنج ئەستێرەی ئیتاڵی، ساڵی 1948 لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە ژمێریاریدا بەدەستهێناوە، بەڵام هەرگیز کاری بەو بڕوانامەیەی نەکردووە.

ساڵی 1977 بۆ گریلۆ سەرەتای ژیانێکی نوێ بوو، دەستی بە کاری نواندن کرد و پاشانیش، لە رادیۆیەک وەکو قسەکەرێکی کۆمیدی بەرنامەیەکی رەخنەئامێزی پێشکەشکرد.

ئاوا وردە وردە گریلۆ بوو بە ناوێکی ئاشنا بە گوێی ئیتاڵیەکان، بەرنامەیەکی کۆمیدی ناوبانگی گریلۆی گەیاندە لوتکە، بەرنامەکە ناوی "ئەمەریکات بدەمێ یان بەرازیل" بوو، لە بەرنامەکەدا بەشێوەیەکی گاڵتەئامێز باسی لە ئەزموونی خۆی لە گەشتەکانی بۆ ئەمەریکا و بەرازیل دەکرد.

بەگوێرەی ئامارێکی فەرمی، ساڵی 1993 تەنها لە شەوێکدا 15 ملیۆن کەس لە راگەیاندنەکانەوە سەیری شانۆیەکی گریلۆیان کردووە.

تا دەهات ناوبانگی ئەو ئەکتەرە کۆمیدیا زیاتر دەبوو، ساڵی 2007 گریلۆ بەشێوەیەکی نوێ دەرکەوت، ئەمجارە وەکو ئەکتەر رۆڵی نەدەبینی، بەڵکوو پێشەوای خۆپیشاندانێکی سەد هەزار کەسی بوو دژی یاسایەک کە پەرلەمانی ئیتاڵیا دەریکردبوو.
لەوێوە خواستی ئەو ئەکتەرە کۆمیدیە بۆ چوونە ناو بواری سیاسەت دەرکەوت، ساڵێک دوای خۆپیشاندانەکە، گریلۆ داوایکرد ببێت بە کاندیدی حزبی دیموکراتی ئیتاڵی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام حزبەکە ئەو داوایەی رەتکردەوە.

گریلۆ هێندەی تر رقئەستوور بوو، ماڵپەڕێکی تایبەت بەخۆی دانا و لەوێوە بۆچوون و رەخنەکانی دەختسەڕوو، لە ماوەیەکی کەمدا ماڵپەڕەکەی بوو بە یەکێک لە پڕبینەرترین ماڵپەڕەکانی جیهان.

دوای ماوەیەکی کەم، گریلۆ بزووتنەوەی پێنج ئەستێرەی ئیتاڵی دامەزراند، بەشداری هەڵبژانەکانی کرد و توانی ببێت بە یەکێک لە پێنج حزبە سەرەکیەکەی ئیتاڵیا.  

هەموان چاوەڕێی گەورەتر بوونی بزووتنەوەکەیان دەکرد، بەڵام رکابەرەکانی تۆمەتی ئەوەیان خستە پاڵی، کە دەیەوێت بە دامەزراندنی ئەو بزووتنەوەیە خۆی لە دانی باج بدزێتەوە، خۆی دەیوت گەندەڵی و نادادپەروەری وایان لێکردووە بزوتنەوەکەی دابمەزرێنێت.

ساڵی 2018 گریلۆ لە کۆنگرەی حزبەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو، بە دەنگدان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و کەسێکی تر خرایە شوێنەکەی.

گریلۆ لەلایەن رکابەرەکانیەوە بە خۆدزینەوە لە باج، دژایەتیکردنی مافەکانی ژنان و چەند بابەتێکی تر تۆمەتبار دەکرا.

بەڵام ئەو بەردەوام بەشێوەیەکی کۆمیدی وەڵامی دەدانەوە و بە وەڵامە توانجئامێزەکانی رکابەرەکانی هێندەی تر تووڕە دەکرد.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن