راپۆرت

فەتحوڵڵا گیولەن؛ رابەری رێکخستنێکی 'خێو'ئاسا

مەودا میدیا - سلێمانی |


فەتحوڵڵا گیولەن؛ رابەری رێکخستنێکی 'خێو'ئاسا
مەودا میدیا-

لە گوندێکی سەر بە ئیزمیرەوە دەستیپێکرد و دواجار خۆی لە ئەمەریکا بینییەوە، رەوتەکەی وەکو شێرپەنجە لە جومگەکانی سیستمی تورکیادا بڵاوبووەتەوە، ئەو 22 ساڵە تورکیای جێهێشتووە و حەوت ساڵیشە پاسپۆرتە تورکییەکەی لێ سەنراوەتەوە، 10 ساڵ هاوپەیمانی ئاکەپە بوو، بەڵام دواتر لەلایەن حکومەتەکەی ئاکەپەوە خرایە لیستی تیرۆرەوە.

کاتێک سەرنج لە گۆڕەپانی سیاسیی لە تورکیا دەدەیت، کارەکتەرێکی سەرەکی هەیە، کە بەردرەوام لەسەر شانۆیە، ئەو هەردەم لەلایەن حکومەتی تورکیاوە تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام بەردەوامیش هەوادارانی زیاد دەکەن.

 فەتحوڵڵا گیولەن، لە پەروەردەکردنی منداڵانەوە دەستیپێکرد، وەکو بانگخوازێکی گەڕۆک گوند بە گوند دەگەڕا و خەڵکی بۆ بیرۆکەکەی بانگ دەکرد، ئەو پیاوەی لە خوێندنگەی گوندەکانەوە دەستیپێکرد و لەسەر زەوی وانەی دەوتەوە، ئێستا رابەری ملیۆنان کەسە کە بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.

هەندێک لە چاودێران رێکخستنەکانی بزووتنەوەی خزمەتی سەر بە فەتحوڵڵا گیولەن بە 'خێو' دەچوێنن، دەڵێن لە هیچ شوێنێک نایانبینیت و دەرناکەون، بەڵام لە هەموو شوێنێک هەن.

خوێندنگە و زانکۆکانی سەر بە بزووتنەوەی خزمەت، لە 130 وڵاتی جیهاندا چالاکییان هەیە، ئەندامانی بزووتنەوەکە بە قووڵی رۆچوونەتە ناو دامەزراوە گرنگەکانی حکومەتی تورکیا وەکو؛ پۆلیس، دادگا، نەخۆشخانە و زانکۆکان.

فەتحوڵڵا گیولەن، کە لەلایەن نەیارەکانییەوە بە 'فەتۆ' ناودەبرێت، هەر کات دەردەکەوێت، هێمنە، زەردەخەنەیەک لەسەر لێویەتی و کتێب یان قورئانێکی بەدەستەوەیە.

گیولەن ساڵی 1999 تورکیای بەجێهێشت و رووی لە ئەمەریکا کرد، لەوکاتەوە نەگەڕاوەتەوە تورکیا، ساڵی 2014 حکومەتی تورکیا پاسپۆرتەکەی گیولەنی پووچەڵکردەوە و داوای لە حکومەتی ئەمەریکا کرد ناوبراوی رادەست بکاتەوە.

دوای کودەتا شکستخواردوووەکەی ساڵی 2016، حکومەتەکەی ئاکەپە بە توندی رووبەرووی بزووتنەوەکەی گیولەن بووەوە و تۆمەتباری کرد، سەدان لایەنگی لێ دەستگیرکردن و دەیان قوتابخانە و ناوەند و دامەزراوەی پێ داخستن.

سەرچاوەی هزری گیولەن، بۆچوونەکانی سەعید نورسیین، ئیسلامییەکی سۆفیگەری، میانرەوی نەرمبڕە، باوەڕی بە توندوتیژی و رێگەی سەربازی نییە، دەڵێت، گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا بە پەروەردە دەکرێت نەک بە سیاسەت، باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان هەیە و دیموکراسی پێ پەسندە.

ئێستا ملیۆنان لایەنگ و هەواداری گیولەن چاوەڕێی ئاماژەی ئەون، بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و گۆڕینی خەبات لە پەروەردەوە بۆ سیاسەت، بەڵام پێدەچێت ئەو پیاوە 80 ساڵە هەرگیز ئەو ئاماژەیە نەدات.

ئەو چەندین نەخۆشی لە جەستەیدایە، تەمەنی هەڵکشاوە و ماڵئاوایی یەكجارەکی نزیکە، بەڵام تا ئێستاش لە بزووتنەوەکەیدا کەسێکی وا دەرنەکەوتووە کە هەمووان لەسەری کۆکبن و وەکو جێگرەوەی گیولەن سەیری بکەن، بۆیە روون نییە دوای گیولەن ئاخۆ بزووتنەوەی خزمەت چی بەسەر دێت...


خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد