عیراقی
ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکەیت رێگەت پێنادرێت گەشت بکەیت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق رایگەیاند، پێویستە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە ئەو هاوڵاتییانەی بە نیازی گەشتن بۆ دەرەوە، بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنایان پێبێت.
لە راگەیەنراوێکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عیراق ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، پاڵپشت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران پێویستە هەر هاوڵاتییەک، کە نیازی گەشتی دەرەوەی هەیە، بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنای پێبێت.
ئەوەشی خستووتەڕوو، بڕیارەکە لە 1/10/2021ەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و جیا لەو بەڵگەنامەیە دەبێت سەرجەم ئەو پێداویستیانەشیان پێبێت کە لەو وڵاتەی گەشتی بۆ دەکەن داواکراوە.
ئەوەشی روونکردووتەوە، بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە بە هۆی رەوشی تەندروستییەوە ناتوانن ڤاکسین وەربگرن، یان ئەو کەسانەی لە سێ مانگی رابردوودا تووشی کۆرۆنا بوون، بەو مەرجەی راپۆرتی لیژنەی پزیشکی رێگەپێدراویان هەبێت و پێش گەشتەکەشیان پێویستە ئەنجامی نێگێتیڤی پشکنینی کۆرۆنایان پێبێت.
لە کۆتایدا جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێویستە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی گەشتیاران لە ناوەرۆکی ئەم بڕیارە ئاگادار بکەنەوە و پێوەی پابەندبن.
ر.ر