چاوپێكەوتن

جەبار یاوەر: مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق و کوردستان بە پێویست دەزانین

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەبار یاوەر: مانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق و کوردستان بە پێویست دەزانین
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەئێستادا پرسێکی گرنگە قسەی زۆری لەسەر و بەشێک لە لایەنەکانی عیراق لەگەڵ ئەوەدان هێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق بکشێنەوە و کارو چالاکییەکانیان رابگرن، بێگومان کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاش تاڕادەیەک کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، مەودا میدیا سەبارەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکات.

ئایا هێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق دەکشێنەوە؟
جەبار یاوەر: بابەتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمەریکا یان مانەوەیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەندە بەو گفتوگۆ ستراتیژییەی کە ئێستا لە ئەمەریکا لەنێوان حکومەتی فیدراڵی عیراق و ئەمەریکا ئەنجامدەدرێت، دوای گەیشتنی مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق و بوونی ئەو شاندە هاوبەشەی حکومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئایندەی ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە لە عیراقدان، بەپێی ئەو لێدوانانەی کە دەدرێت لەلایەن هەردوولاوە ئەو هێزانەی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە عیراقدا ئەرکەکانیان دەگۆڕێت نەوەکو دەکشێنەوە.

ئەرکەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆچی؟
جەبار یاوەر: ئەرکەکانیان لە ئەرکی شەڕکردن واتە لە ئەرکی جەنگاوەری دەگۆڕێت بۆ ئەرکی پشتیوانکردنی هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە بوارەکانی مەشق پێکردن و لۆجیستی و لە بوارەکانی راوێژکاری سەربازی و ئەمنی و بوارەکانی پێدانی زانیاری هەواڵگیری دەربارەی جموجوڵەکانی داعش و تیرۆرستان، لە بواری پشتیوانکردنی هێزەکانی سوپای عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە رووی ئاسمانییەوە وە پێدانی چەک و تەقەمەنی و پێویست یان چەکدارکردنی ئەو هێزانەی حکومەتی فیدراڵی عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە.

بابەتی مانەوە یان کشانەوەی ئەو هێزانە پەیوەستن بە چییەوە؟
جەبار یاوەر: دیارە بابەتی مانەوە یان نەمانەوەی ئەو هێزانە پەیوەست دەبێت بە رێکەوتنێک لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵی عیراق و ئەمەریکا، چونکە هەرێمی کوردستان لە رووی دەستوریی و یاساییەوە ناتوانێت هیچ جۆرە رێکەوتنێک نە لەگەڵ ئەمەریکا نە لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکەدا لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە گرێ بدات، چونکە ئەو بابەتە بابەتێکی سیاسییە و دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵی عیراق.
 
ئایا هەرێمی کوردستان مانەوەی ئەو هێزانە لە عیراق بە گرنگ دەزانێت؟

جەبار یاوەر: بێگومان ئێمە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە یان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوپای عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەم قۆناغەدا بە پێویست دەزانین، چونکە هێشتا هەڕەشەی تیرۆرستانی داعش هەم لەسەر عیراق هەم لەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هێشتا ماوە، چونکە هێشتا داعش بەتەواوەتی لەناو نەبراوە.

ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا بیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستان بەغدا دەتوانێت رێگری بکات؟
جەبار یاوەر: هاتنی هێزی ئەمەریکا وەکو باسم کرد یان بوونی هێزی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و لە هەولێر بەندە بەو ڕێکەوتنانەی کە دەکرێت ئێستا لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان حکومەتی فیدراڵی عیراق و حکومەتی ئەمەریکا، هەرهێزێکی ئەمەریکی یان هاوپەیمانان کە لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت ئەوە پێشتر بە رێکەوتنێکی فەرمی بووە لەنێوان عیراق و ئەمەریکا یان حکومەتەکانی ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانان کە هێزیان هەیە لە عیراقدا.

زیانەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق چییە؟
جەبار یاوەر: ئەگەر بەیەکجاری هیچ هێزێکی ئەمەریکی یان هێزێکی هاوپەیمانان یان ناتۆ لە عیراقدا نەمێنێت ئەوا بەزەرەر دەگەڕێتەوە بۆ تواناکانی هێزەکانی عیراق بە گشتی وە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بۆ شەڕکردن دژی تیرۆرستانی داعش، چونکە هەم هێزەکانی ئەمەریکا هەم هێزەکانی هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش پشتیوانێکی گەورەن لە رووی مەشقی سەربازیی و لۆجیستی و پێدانی زانیاری هەواڵگیرییەوە و پشتیووانی ئاسمانییەوە بۆ هێزەکانی سوپای عیراق و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ چەکدارکردنی ئەو هێزانە، بۆیە کشانەوەی یەکجاری ئەو هێزانە لە عیراق بە خێرایی دەبێتە مەترسییەک بۆ بابەتی چۆنیەتی بەرەنگابوونەوەی تیرۆرستانی هێزەکانی داعش لە عیراق و ناوچەکە بە شێوازێکی گشتی.

س،س
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان