راپۆرت

عەبیر مووسا؛ ئەو ژنەی ئیخوانەکانی لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


عەبیر مووسا؛ ئەو ژنەی ئیخوانەکانی لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە
مەودا میدیا-

بە توندی دژایەتی ئیخوانەکان دەکات، دەمێ بە کڵاوی سەربازیەوە دەردەکەوێت و گاهێ لە سڵایدی ئۆتۆمبێلەکەیەوە سەری دەرهێناوە و درووشم دەڵێتەوە، ئەو ژنەی ئیخوانەکانی تونسی لە دەسەڵات هێنایە خوارەوە، لەگەڵ فراکسیۆنەکەیدا لە پەرلەمان بە مانگرتن دەستیان بە خەبات دژی راشد غەنوشی کرد.

عەبیر مووسا؛ سەرۆکی پارتی دەستووری ئازاد لە تونس، ئەو ژنەی کاریگەری هەبوو لەسەر هەڵگیرساندنی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی تونس و هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە.

سەرەتای چیرۆکەکە لە بەهاری عەرەبییەوە دەستیپێکرد، درووست 11 ساڵ پێش ئێستا، زەینولعابدین، سەرۆکی ئەوکاتی تونس، بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی توندی هاوڵاتیانەوە، تونسی بەجێهێشت و بەرەو پاریس و دواتر سعودیە هەڵهات.

لەدوای ئەو رووداوەوە ئیخوانەکانی تونس، بە تەواوەتی کەوتنە گەشەکردن و هێدی هێدی دەستیان بەسەر جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا گرت، تائێستا سەرۆکی پەرلەمان راشد غەنووشی بوو، کە هاوکات سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزەی توونسی، حکومەتی تونس بەدەست کۆمەڵێک کەسایەتی سەربەخۆ و تەکنۆکراتەوە بوو.


عەبیر و خۆپیشاندەران

ماوەیەکی زۆرە تونسییەکان خۆپیشاندان دەکەن و نارەزایەتی دەردەبڕن، لەو نێوەندەدا عەبیر موسا وەکو سەرکردەی نارەزایەتییەکان دەرکەوت، عەبیر هەمووانی توشی شۆک کرد کاتێک بە کڵاوی سەربازییەوە چووە ناو کۆبوونەوەی پەرلەمان، کە لێیان پرسی بۆچی بەو شێوەیە بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە، وتی "حکومەتی تونس گولـلە دەنێت بە خۆپیشاندەرانەوە، لە ترسی ئەوەی بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان نەمرم ئەو کارەم کردووە.

شۆڕش لە سڵایدی ئۆتۆمبێلەوە

بەوەوە نەوەستا، شێوازێکی نوێی خۆپیشاندانی وەگەڕخست، لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی خۆیدا پێشڕەوی خۆپیشاندەرانی کرد و ئەوانیش بە سەدان ئۆتۆمبێل دوای کەوتن و شەقامەکانی تونسیان تەی کرد.

عەبیر، لە سڵایدی ئۆتۆمبێلەکەیەوە سەری دەرهێنابوو و دروشمی دژ بە حکومەتی دەوتەوە، ئەوە بوو بە بناغەی خۆپیشاندانێکی فراوان کە چەندین هەفتەی خایاند و دواجاریش بە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و سڕکردنی پەرلەمان کۆتاییهات.

عەبیر مووسا، لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتارە، هاوکات سەرۆکی پارتی دەستووری ئازادە، پارتەکەی لەسەر بنەما هزرییەکانی مارکس دامەزراوە و کار بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و چەسپاندنی حوکمی دەستوور دەکات.

زۆرێک لە چاودێران، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی تونس، بە ململانێی نێوان ئیخوان و چەپەکان دەزانن، باس لەوە دەکەن، ئیخوانەکان بە رابەرایەتی راشد غەنووشی و چەپەکانیش بە ڕابەرایەتی عەبیر مووسا کار بۆ سەرکەوتنیان لەو ململانێیەدا دەکەن، بەڵام ئەوەی لەم چەند رۆژەدا روویدا، دەریدەخات کە عەبیر، یاریزانە سەرکەوتووەکەی ناو یارییەکەیە.

 نەیارانی، تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیمارات دەدەنە پاڵ عەبیر موسا، بەڵام زۆرێک لە توسنییەکان وەکو دایکی خۆپیشاندەران ناوی دەبەن.

ئەو سیخوڕ بێت یان دایک، بووە بە دێوەزمە و یەخەی ئیخوانەکانی گرتووە و هێندەی نەماوە بە تەواوەتی پەراوێزیان بخات.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە