تەندروستی
ئەوەی لەسەر ڤاکسینی کۆرۆنا نەتزانیوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تادێت بەرزدەبنەوە و هاوڵاتییانیش وەک پێویست پابەندی رێنماییەکان نابن و ناچن بەدەم وەرگرتنی ڤاکسینەوە، پسپۆڕێکی کۆرۆناش دەڵێت: ڤاکسین هیچ کاریگەرییەکی خراپی نییە، هەر بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەکەم بێ دوو دڵی بچن ڤاکسین وەربگرن.
بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییان خەمساردن لە ئاست وەرگرتنی ڤاکسین دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک پێویست رووناکەنە ئەو سەنتەرانەی کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراون بۆ پێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا و گومانیان لەوە هەیە کە کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستییان جێبهێڵێت لەو بارەیەوە زانا حەمید، پسپۆڕی کۆرۆنا ڤایرۆس بە مەودا میدیای راگەیاند، پێویست ناکات هاوڵاتییان دوو دڵبن لە وەرگرتنی ڤاکسین، چونکە هیچ کەریگەرییەکی لاوەکی خراپی نییە، تەنها لە هەندێک کەسدا رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی تایەکی کاتی ئەویش دوای ماوەیەکی کەم نامێنێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو کەسەی ڤاکسین وەردەگرێت دەبێت لانی کەم 24 کاتژمێر پێش وەرگرتنی، تێستی کۆرۆنا ڤایرۆسی کردبێت و دڵنیابێت لەوەی کۆرۆنای نییە ئەوکات دەتوانێت ڤاکسینەکە وەربگرێت.
باسی لەوەشکرد، پسپۆڕانی تەندروستیی جیهانی کۆکن لە سەر ئەوەی هەرکەسێک تووشی کۆرۆنا بووبێت، نابێت تا شەش مانگ دوای چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا ڤاکسین وەربگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، وەرگرتنی چەند ژەمێک لە ڤاکسین بە پێی جۆری ڤاکسینەکە دەبێت ماوەیەک لە نێوانیاندا بێت، بۆ نموونەوە ماوەی نێوان وەرگرتنی دوو ژەم لە ڤاکسینی ڤایزەر دەبێت 15 بۆ 20 رۆژبێت، بەڵام بۆ ڤاکسینی ئەسترازینکا جیاوازە و دەبێت ماوەی وەرگرتنی نێوان دوو ژەم چوار بۆ 12هەفتە بێت.
دوێنێ سێشەممە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار و 500 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە و 19 کەسیش بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، وتیشی سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسینمان زیادکردووە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان بتوانن بە خێرای ڤاکسین وەربگرن.
ر.ر