تەندروستی
"رێژەی مردن لەو کەسانەدا کەمترە کە ڤاکسین وەردەگرن"
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەگەری مردن لەو کەسانەدا کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن، زۆر کەمترە بە بەراورد بەو کەسانەی ڤاکسین وەرناگرن.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەگەری مردن لەو کەسانەدا کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن، زۆر کەمترە بە بەراورد بەو کەسانەی ڤاکسین وەرناگرن.
ئەمڕۆ سێشەممە سێی ئابی 2021 دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دەمەوەهاتنی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بە مەودا میدیای راگەیاند "لەوەتەی زەنگی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لێدراوە و بەراورد بە ماوەی رابردوو، لە ئێستادا هاوڵاتییان زیاتر روودەکەنە بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین و ناو تۆمارکردن بۆ ورگرتنی ڤاکسینەکەوە".
دووپاتیشی کردەوە، بە پێی ئەو توێژینەوانەی لە سەرتاسەری جیهاندا کراون زۆربەی پزیشکان و پسۆڕان لەسەر ئەوە کۆکن، ئەگەری مردن لەو کەسانەی کە ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن زۆر کەمترە بە بەراورد بەو کەسانەی کە ڤاکسینەکە وەرناگرن، کاتێک بۆ جاری دووەم تووشی کۆرۆنا دەبنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ماوەی نێوان وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاکسین بە پێی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە ماوەی نێوان وەرگرتنی دوو ژەم لە ڤاکسینی ڤایزەر چوار بۆ 12 هەفتەیە، بەڵام بۆ ڤاکسینی ئەسترازینکا 21 رۆژە.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، هەرسێ جۆرەكەی ڤاكسین كە لەهەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە هاووڵاتیان دەتوانن بەكاریبهێنن.
لە ئیستادا لە هەرێمی کوردستان ئامارەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئاستێکی بەرزدایە، بە جۆرێک رۆژانە زیاتر لە سێ هەزار تووشبووی نوێ تۆماردەکرێت و ئەم رێژەیەش لە رۆژێک بۆ رۆژێکی دیکە دەگۆڕێت.
ر. ر