تەندروستی
لەبەر ئەم سوودە گرنگانە بەردەوام ئاو بخۆرەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەشێکی زۆر لە پزیشکان ئامۆژگاری هاوڵاتییان دەکەن کە بە رێژەیەکی زۆر ئاو بخۆنەوە، چونکە سوودی بۆ تەندروستی هەیە، لێرەدا سەرەکیترین سوودە تەندروستییەکانی ئاو لە کاتی خواردنەوەی بە گەدەیەکی بەتاڵ دەخەینەڕو.
ماڵپەڕی بۆڵد سکای لە راپۆرتێکدا کە پشتی بەستووە بە نوێترین توێژنەوە لە بارەی سوودەکانی ئاو خواردنەوە بەبەردەوامی و بەتایبەت لە کاتی بەیانیاندا کە سەرەتای چالاکی رۆژێکی نوێیە باسی لەوەکردوە، یەکێک لە سوودەکانی خواردنەوەی ئاو ئەوەیە، هاوکاری کەمکردنەوەی کێش دەدات، بەو پێیەی کۆکردنەوەی ئاو لە گەدەدا هاوکاری خێراکردنی پرۆسەی گۆڕینی خۆراک بۆ وزە دەدات.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە "خواردنەوەی ئاو لەگەدەیەکی بەتاڵدا هەروەها دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەو مادە زیانەبەخشانەی لە جەستەدا هەن، جگە لەوەش هاوکاری باشترکردنی سیستەمی هەرەسکردن و خاوێنکردنەوەی ریخۆڵەکان دەکات، یەکێکی دیکە لە سوودەکانی ئاو ئەوەیە هاوکاری کەمکردنەوەی سوتاندنی کالۆری دەکات، چونکە کەسەکە هەست دەکات وزەیەکی زۆرتری وەرگرتوە، لە ئەنجامیشدا کالۆری کەمتر دەسوتێنێت".
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کەسانەی بە بەردەوامی ئاو دەخۆنەوە، توانای مێشک و هەستپێکردنیان باشتردەبێت، سەرەڕای ئەوەش ئاو چونکە پارێزگاری لە یەکەی ليمفاوی لە جەستەدا دەکات، بەوەش دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێزکردنی بەرگری لە جەستەدا، یەکێکی دیکەش لە سوودەکانی ئاوخواردنەوەی بەردەوام ئەوەیە هاوکاری پرۆسەی هەرەسکردن دەکات و دەبێتە هۆی چالاکردنی.
لە راپۆرتەکە روونکراوەتەوە، بۆ ئەو کەسانەی بە بەردەوامی توشی ژانەسەر دەبن، دەتوانن بڕێکی زیاتر ئاو بخۆنەوە چونکە ئاو رێگرە لە دروستبوونی ژانەسەر، هەروەها ئاو پارێزگاری لە سوڕی خوێن و بەشەکانی ناوەوەی جەستە دەکات و وادەکات کەسەکە هەست بە چالاکی و وزەیەکی زیاتر لە جەستەیدا بکات.
ر. ر