ئابووری
زیاتر لە 500 هەزار گەنجی هەرێمی کوردستان بێکارن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پەرلەمانتارێک رایگەیاند 500 هەزار گەنج لە هەرێمی کوردستان بێکارن کە زۆربەیان بروانامەیان هەیە، ئاماژەی بەوەشکردووە سندوقی قەرزی بجووکی گەنجان 46 ملیار دیناری تێدایە و نادرێت بە گەنجان.
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ، بەدواداچوونێکی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە بێکاری گەنجان لە هەرێمی کوردستان.
لە بەدواداچوونەکەدا هاتووە "له ساڵی 2001 حكومهت بڕی 76 ملیار دیناری وەک قەرزی بچوک بۆ گەنجان تەرخانکرد، لەو بڕە نزیکەی 46 ملیار دیناری گەڕاوەتەوە بۆ سندوقی قەرزی بچوک و تەنها نزیکەی 30 ملیار دیناری لای سودمەندان ماوەتەوە".
ئەوەش روونکراوەتەوە "ساڵانە بەلایەنی کەمەوە نزیکەی 40 هەزار گەنج دەچنە سەرو تەمەنی 16 ساڵی و بەدوای کاردا دەگەڕێن و دەستیان ناکەوێت".
لە بەدواداچوونەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو "ژمارەی گەنجانی بێکار بە نزیکەی 500 هەزار گەنج خەمڵاندراوە، کە زۆرینەی زۆریان دەرچووی زانکۆو پەیمانگان، ئەمە بێجگە لەوەی هەزاران گەنج لە سەرو تەمەنی 16 ساڵیەوە لە پاڵ خوێندنەکەیاندا بەدوای کاردا دەگەڕێن بۆ پاڵپشتی خوێندنەکەیان و دەستیان ناکەوێت".
باسی لەوەشکردووە هەزاران گەنجی تریش جۆرە کارێک دەکەن کە وەک بێکاری وایەو بژێوی ژیانیان دابین ناکات.