تەندروستی
ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ لە خانماندا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەشار بیزرا، پزیشک و دامەزرێنەری سەنتەری پزیشکیی نەشتەرگەریی جوانکاریی و رواندنەوەی قژ لە شاری لەندەن، دەڵێت، هەڵوەرینی قژی خانمان زیاترە لەوەی خەڵک پێشبینی بۆ دەکات.
ئەو پزیشکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، 30%ی خانمان دووچاری لەدەستدان و هەڵوەرینی قژ دەبنەوە و ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە.
فشاری دەروونی: فشاری دەروونی خانمان بە تایبەت لە کاتی سووڕی مانگانە و دووگیانیدا، دەبێتە هۆی لەدەستدانی قژ.
ناهاوسەنگیی هۆرمۆنی: هۆرمۆن بەشێکی گرنگی مانەوەی قژە بەشێوەیەکی تەندروست. ئەگەر خانمان نەخۆشییەکانی Polycystic Ovary Syndrome، رژێنی دەرەقی یان نەخۆشییەکانی دیکەی پەیوەست بە هۆرمۆنیان هەبێت، قژیان دەوەرێت چونکە هۆرمۆنی ئێسترۆجینی خانمان گەشە بە قژ بە شێوەیەکی بەردەوام دەدات.
هەروەها لە ماوەی دووگیانیدا، هاوسەنگیی هۆرمۆنیی خانمان تێکدەچێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی قژ.
کەمی ئاسن: کەمی ئاسن بەشێوەیەکی لاوەکی کار دەکاتە سەر قژی خانمان و دەبێتە هۆی هەڵوەرینی، چونکە کەمی هێمۆگلۆبین دەبێتە هۆی نە گەشتنی خواردن بۆ قژ، پزیشکان رێنمایی ئەو خانمانە دەکەن کە ئاسنیان کەمە خواردنەکانی وەک سپیناخ، قارچک، بادەم بخۆن.
بۆماوە: یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەرینی قژ لە خانمان و پیاوان، جین و هۆکارە بۆ ماوەییەکانە.
لەدەستدانی کێش: هەندێک کەس بۆ لەدەستدانی کێش، بڕێکی زۆر کەم خواردنی بەسوود و پێویست دەخۆن ئەمەش کار دەکاتە سەر قژ و هەڵوەرینی.
جوانکاری قژ: ئەو شێوازەی قژت دەبەستیت تا ئەو ماددە کیمیایانەی بۆ جوانکاریی بەکاریان دەهێنێت، کاریگەرییان لەسەر گەشەی قژ دەبێت.
ر. ر