د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

تونس، بەهاری عەرەبی بەردەوامە

بەهاری عەرەبی لە تونسەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی محەمەد بوعەزیز خۆی سووتاند لە رقی پۆلیس. کاتێک عەرەبانەکەی سەرچاوەی ژیانی بوو و سەوزەی دەفرۆشت، شارەوانی دەستی بەسەردا گرت و پۆلیسێکی ژن شەقازللەیەکی لێدا و بە فەرەنسی پێی وت "دێگاژ" کە مانای وایە بڕۆ، بەڵام بەشێوەیەکی بێڕێزانە. ئەم وشەیە (بڕۆ)، بوو بە هوتافی هەموو خۆپیشاندانەکانی دژ بە دەسەڵات. 

لە 14ی کانوونی دووەمی 2011 زەینەلعابدین هەڵهات و دەسەڵاتی بەجێهێشت. خەڵکی تونس لەوکاتەوە لە خۆپیشاندان نەکەوتوون و هەر شتێکیان بە دڵ نەبێ، رێگەی پرۆتستاسیۆنی شارستانیانە دەگرنە بەر. تونس لەگەڵ میسر، بە سەرکەوتووترین وڵات دادەنرێن لەنێو ئەو وڵاتە عەرەبیانەی بەهاری عەرەبیی تیایاندا روویدا، کە بەشێوەیەکی دیموکراتییانە دەسەڵاتیان گۆڕی.

لەدوای رووخانی حکومەتی زەینەلعابدین، سێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە و نۆ جار حکومەت گۆڕاوە، هەندێک لەو حکومەتانە، تەنها بۆ چەند مانگێک کاریان کردووە و لە ژێر فشاری خۆپیشاندەراندا گۆڕاون. 

لە تونس، خەڵک ئازادە خۆپیشاندان بکات، کەس ناگیرێ و ناخرێتە زیندان لەسەر خۆپیشاندان. دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و مافی ژن لە تونس باشترینە لەچاو وڵاتە عەرەبییەکانی تردا و هەر لە سەردەمی (بورقیبە)وە ئەو مافانە چەسپیون. 

هۆکاری بەهاری عەرەبی، داواکاریی خەڵک بوو بۆ باشکردنی باری ژیانیان. ئەو حکومەتانەی یەک لەدوای یەک هاتوون، نەک هەر نەیانتوانیوە گوزەرانی خەڵک باش بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەرەو خراپتر رۆیشتووە و گەندەڵیی زیادی کردووە و یاسا بەشێک لە سەروەریی لەدەستداوە.

تونس، وڵاتێکی دەوڵەمەند نییە بە سامانی سروشتی، ئابوورییەکەی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵ و فۆسفات و گەشتیار وەستاوە. بەهۆی پەتای کۆڤید 19، هاتوچۆ وەستاوە و ژمارەی گەشتیار زۆر کەمی کردووە. فۆسفات لە ناوەڕاست و خوارووی تونس دەردەهێنرێت و هەژاری و دواکەوتوویی لەو ناوچانە زۆر زیاترن لەچاو باکووری وڵات، ئەمە هێندەی تر خەڵکی ئەو ناوچانەی تووڕە کردووە و دەبینن ناوچەکانیان سەرچاوەی داهاتی تونسە، بەڵام خزمەتی ناوچەکە نەکراوە. ژمارەی بێکاریی لەزیادبووندایە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان کە لە سەدا هەژدەیە.

لەو چەند مانگەی دوایی، کۆرۆنا زۆر خراپ بڵاوبووەتەوە و ئێستا تونس خراپترین وڵاتە لە ئەفریقا، ژمارەی تووشبووان و مردوو بەرزترینن و نەخۆشخانەکان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان توانای بەهاناوەچوونی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبووانیان نییە. 

ئەو حزبانەی دژ بە زەینەلعابدین دەدوان و باسی گەندەڵییەکانیان دەکرد، ئێستا ئەوان سەرچاوەی گەندەڵین. ئەم هەموو کێشانە خەڵکی تووشی بێهیوایی کردووە لەو حکومەتە یەک لەدوای یەکانە.

لە 25ی تەمووزی 2021، قەیس سعەیید، سەرۆک کۆماری تونس، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی هیشام ئەلماشیش و هەڵپەسارندنی پەرلەمانی بە سەرۆکایەتی راشد ئەلغەنوشی دا و حەسانەی لەسەر پەرلەمانتارەکان لابرد و وەزیری ناوخۆ و بەرگری و دادی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە و هەندێ بەرپرسی دا بە دادگا، لەوانە هەندێ پەرلەمانتار و سەرۆکی دادگای سەرەکی. قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند و رێگری لە کۆبوونەوەی زیاتر لە سێ کەس کرد. سعەیید، لەو بڕیارانەیدا پشتی بەستووە بە بڕگەیەکی دەستوور کە لە کاتی مەترسیدا لەسەر وڵات بەکاردێت.

 قەیس سعەیید، لە هەڵبژاردنەکانی 2019 بوو بە سەرۆک، لە هیچ حزبێکدا نەبوو، مامۆستای زانکۆ بوو، لە رێگەی سۆشیال میدیا و پشتبەستوو بە گەنجان هەڵبژاردنی بردەوە و تەنانەت ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەت داینابوو بۆ بانگەشە، رەتی کردبووەوە. هەڵبژاردنی کەسێکی سەربەخۆ، خۆی لەخۆیدا مانای وابوو گەل ئەو کەسانە رەتدەکاتەوە کە لەنێو پارتەکان و هێزە سیاسییەکاندان.

لە 2014 دەستکاری دەستوور کرا.  لە دەستووری نوێدا، سیستم نیمچە پەرلەمانییە و پەرلەمان و سەرۆک کۆمار لە نێو خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن؛ هەروەها بەشێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار کەم کرایەوە و درا بە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان. لە دەستووری پێشوودا، هەموو دەسەڵاتەکان لە دەست سەرۆک کۆماردا بوو. 

لەدوای سەربەخۆیی لە 1956 تا 2011، تونس تەنها دوو سەرۆکی بەخۆوە بینیبوو؛ حەبیب بورقیبە و زەینەلعابدین بن عەلی. ئەم دوو سەرۆکە، هەموو دەسەڵاتەکانیان لەدەستدا بوو.

راشد ئەلغەنوشی، سەرۆکی پەرلەمان، لە هەمان کاتدا سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزەیە. بزووتنەوەی نەهزە، رەوتی ئیخوان موسلیمینە. 

بزووتنەوەی نەهزە، لە ساڵی 1972 دامەزراوە، تا 2011 پارتێکی فەرمی نەبوو و رێگەپێدراو نەبوو. لە بەهاری عەرەبیدا رۆڵی گەورەی هەبوو و لەو کاتەوە بە گەورەترین هێز دادەنرێت. لە هەڵبژاردنەکانی 2011 گەورەترین کوتلە بوو، لە 2014 کەمی کرد و لە 2019 کەمتری کرد، بۆیە حکومەتی هاوبەشیان پێکهێنا، بەڵام ئێشتاش گەورەترین کوتلەی پەرلەمانە. 

راشد ئەلغەنوشی، سەرۆکی نەهزە و سەرۆکی پەرلەمان، دەسەڵاتی زۆر زیاتر لەوە بەکاردەهێنێت کە لە دەستووردا پێی دراوە لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا و لیبیا و قەتەر. دەرکەوتووە لە دەرەوە پارەی بۆ هاتووە لەگەڵ دوو هێزی سیاسیی تر بۆ هەڵبژاردنەکان، کە ئەمە بەپێی یاسای تونس قەدەغەیە و دراونەتە دادگا. 

لەنێو بزووتنەوەکەدا رەخنەی زۆر لە راشد ئەلغەنوشی دەگیرێ، گوایە تاکڕەوانە کار دەکات و بەهۆی ئەوەوە جەماوەری نەهزە کەمی کردووە. 

بزووتنەوەی نەهزە نەیتوانیوە ئەو بەڵێنانە بەئەنجام بگەیەنێ کە لە کاتی بزووتنەوە جەماوەرییەکە و کاتی هەڵبژاردنەکاندا بە خەڵکی داوە. لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە سەرکردە و ئەندامانی نەهزە لە گەندەڵییەوە گلاون، سەرۆکی دادگای تونس سەر بە نەهزەیە و مەلەفەکانیانی شاردووەتەوە.

 460 کەس ناویان لە دادگا هەیە و پێنج ملیار دۆلاری موڵکی گشتییان بەهەدەر داوە، دادگا ئەو کەسانە دەستگیر ناکات تا ئەو پارانە بگەڕێننەوە و لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی تونسدا سوودی لێ ببینن.

هێزی سیاسی و حزب زۆرن لە تونس، 120 حزب و بزووتنەوە و گرووپ هەن کە بە فەرمیی رێگەپێدراون، بەڵام میدیاکان تەنها گرنگی بە دوو پارت دەدەن؛ بزووتنەوەی نەهزە و پارتی دەستووری ئازاد بە سەرۆکایەتی عەبیر موسا. وەک ئەوەی تەنها ئەو دوو هێزە لە تونسدا هەبن. هۆکارەکەی ئەوەیە یەکێکیان (نەهزە) نوێنەرایەتی رەوتی ئیسلامیی دەکات و زۆر لە ئەردۆغان دەچێ و داوای دەوڵەتێک دەکات لە شێوەی دەوڵەتێکی ئیخوانی، ئەوی تریشیان عەلمانییە و راستگۆیە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیاکەی و وەک میراتگری پارتی بورقیبە ئەژمار دەکرێت و رێڕەوەکەی دیارە. 

بەرەی زۆر جیاواز هەیە لەنێو پارتەکان، زۆر جار پەیوەندی بە ئایدیۆلۆژیاوە نییە و تەنها بۆ بەرژەوەندی و دەسەڵاتە. 

21 هێزی سیاسیی ئەندامی لە پەرلەمانی ئێستای تونسدا هەیە و پێکهاتە سەرەکییەکان بەم شێوەیەیە: بزووتنەوەی نەهزە 24%، پارتی دڵی تونس 18%، پارتی رەوتی دیموکراتی 10%، ئیئتیلافی کەرامە 10%، پارتی دەستووری ئازاد 8% و...تاد.

كێشەکان زۆرن و هەمەجۆرن، ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتین. باری ئابووریی تونس هێندە خراپە، حکومەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی بدات، ناتوانێ قەرزە نێودەوڵەتییەکان بداتەوە. حکومەتی تونس داوای قەرزی زۆری کردووە لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە بەهۆی چەند جەمسەرێکی دەسەڵات و ئیفلیجبوونی حکومەت بەهۆی دروستبوونی لە چەند هێزێکی سیاسیی جیاواز.

لە ناوەوە، سوپا و هەندێ لە پارتەکان و بەشێک لە جەماوەر پشتی سعەیید دەگرن. لە دەرەوە، ئەمەریکا مەترسیی خۆی نیشانداوە و دۆستی نەهزەیە، بەڵام سعەیید پشتگیری میسر و جەزائیری وەرگرتووە. 

لە دوای 25ی تەمووز، چ گۆڕانکارییەک بەسەر تونسدا دێت؟ ئایا ئەمەی قەیس سعەیید کودەتایە وەک سەرۆکی نەهزە دەیڵێ، یان بەهاری عەرەبیی دەکات بە بەهار بۆ تونس؟ ئایا لایەنگرانی سعەیید و نەهزە دەکەونە پێکدادان؟ سوپا رۆڵی چی دەبێت لە حاڵەتێکدا شەڕی ناوخۆ دروست بێت؟ رۆڵی نێودەوڵەتیی چۆن دەبێت؟ قەیس سعەیید دەتوانێ چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و ئابووریی خەڵک باش بکات؟

 دواڕۆژی تونس دیار نییە بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات...

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan