راپۆرت

شێرکۆ بێکەس؛ حیکایەتخوانی مێژووە سوورەکەی کورد

مەودا میدیا - سلێمانی |


شێرکۆ بێکەس؛ حیکایەتخوانی مێژووە سوورەکەی کورد
مەودا میدیا-

سەردەمێک شیعری بە باڵای بارزانیدا دەوت و دواتر بوو بە شاعیری یەکێتی، دەمێ بە شیعرەکانی، شەڕی ناوخۆ بەتیندەکات و هێندەش نابات دەبێتە هەستناسکترین شاعیر، ئەو پیاوەی ئیسلامییەکان فەتوای کوشتنیان بۆ دەرکرد، وڵات بە وڵات دەگەڕا و بە شیعرەکانی خەمی نەتەوەکەی دەخستەڕوو.

کاتێک یەکێک لە دیوانە شیعرییەکانی شیرکۆ بێکەست لەبەردەستدایە، نازانیت ئەوەی دەیخوێنیتەوە شیعرە یان مێژوو، پەخشانە یان شانامە، شیوەنە یان خەمخۆری.

کاتێکێش دەتەوێت تێبگەیت، دەبێت قوڵ لە مانای وشەکان بڕوانیت، دەبێت بوەستیت و بیربکەیتەوە و دۆشدابمێنی.

خۆ ئەگەر بە تێگەیشتنێکی راستەوە لە سیحری پشت رستە شیعرییەکان تێگەیشتی ئەوا تۆ لە یەک کاتدا هەم شارەزای مێژووی پڕخوێنی گەلێک بوویت، هەم ئاشنا بوویت بە خەباتی ئەو گەلە، هەم شیعر و پەخشانت خوێندووەتەوە.

بۆ نموونە؛ بێکەس لە چامەواڵای کورسیدا، لەسەر زاری کورسییەکی کۆنەوە، مێژووی دەیان ساڵای شارێکی وەکو سلێمانی و سەرجەم رووداو و کەسایەتییە گرنگەکانی شارەکە دەگێڕێتەوە.

 توانا لەرادەبەدەرەکەی بێکەس هەندێک جار دژبەیەکیشی درووستدەکرد، ئەوکاتەی کە لە گروپی روانگەدا کێشەیان لەگەڵ پیاوانی ئاینی هەبوو، ئەوان خۆیاندایە پاڵ مەلا مستەفا بارزانی و هەر ئەوکاتیش بێکەس شعرێکی پیاهەڵدانی بۆ بارزانی بڵاوکردەوە.

بەڵام هێندەی نەبرد، بوو بە شاعیری شۆڕشەکای یەکێتی و راست پێچەوانەی پیاهەڵدانەکەی بۆ بارزانی دەینووسی.



بێکەس و شەڕی ناوخۆ

لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان، بێکەس چەند جارێک کەوتە نێو گۆرەپانی شەڕەکە، بە چەند شیعرێک گڕی شەڕەکەی بەتینکرد. 

تەنانەت لە شیعرێکدا کە مەبەستییەتی لایەنە خراپەکانی حزبە ئیسلامییەکان بخاتەڕوو، ناوی خودا دەهێنێت و بەشێوەیەک باسی دەکات کە هەندێک لە موسڵمانانی نیگەران کرد، وای لێهات ئیسلامییەکان فەتوای کوشتنیان بۆ شێرکۆ بێکەس دەرکرد.

شێرکۆی مەزن، لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیانی کوردستاندا لە ساڵی 2011 کە بە خۆپیشاندانەکانی "17ی شووبات" ناسرابوون، بوو بە دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، بە شیعرەکانی لە تەمەنی نزیکەی 70 ساڵیدا وەکو گەنجێکی خاوەن متمانە و ئیرادە دەرکەوتەوە و داوای ماف و ئازادیی دەکرد.

لەسەر سەکۆی بەردەرکی سەرا دەبینرا و بە تووڕەییەوە شیعری دەخوێندەوە، بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی هاوڵاتیاندا، رێگری لێ کرا لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی، کۆڕ بگرێت و شیعرە نوێکانی بخوێنێتەوە، ئەمەش شێرکۆی بە تەواوەتی زویرکرد.



شێرکۆ و نیشتمانە نوێکەی

بێکەس لە کۆتایی تەمەنیدا و دوای ئەو هەموو قۆناغە سەختەی پێیدا تێپەڕی، گەڕایەوە بۆ شیعرە ئەویندارییەکان، دیوانێکی نوێی بەناوی "ئێستا کچێک نیشتیمانمە" بڵاوکردەوە، لەوێدا بە هۆنراوە پڕئەوینەکانی وەکو گەنجێکی ئەویندار دەرەکەوتەوە، شیعر بە باڵای رۆزانادا دەڵێت و بۆ گەیشتن بە ژوان دڵەکوتەیەتی.

شێرکۆ وەکو چۆن ژیانی جیاواز بوو، ئاواش مردنێکی جیاوازی هەبوو، وەسێتی کرد لەبری گۆڕستان لە پارکی ئازادی سلێمانی بنێژرێت، دەوری گۆڕەکەی بکرێت بە مۆزەخانە و کوڕ و کچە گەنجەکان بۆ دیداری، سەردانی ئەوێ بکەن.

لە وەسێتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو مۆزەخانە و پێداوسیتیانە لەو میراتە درووستبکرێت کە لێی بەجێدەمێنێت، بەڵام لە وەسێتەکەی تەنها ئەو بەشە جێبەجێکرا کە داوای کردبوو لە پارکی ئازادی بنێژرێت، مۆزەخانە و داواکارییەکانی تری پشتگوێخران.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خانزاد خاتوون؛ تەوارێکی حوکمڕان

لەلایەن زوڵفان غەریب



News

غاز وەکو مۆرانەی عیراق

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە