کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: هەرکەسێک هێزەکانی یەکێتی بۆ کاری نایاسایی بەکارهێنابێت رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: هەرکەسێک هێزەکانی یەکێتی بۆ کاری نایاسایی بەکارهێنابێت رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە
مەودا میدیا-

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی فەرماندەیی ھێزەکانی دژەتیرۆر، لیوای کۆماندۆ و ھێزەکانی ئاڵتونی کرد و لەنزیکەوە لەچۆنییەتی مەشق و راھێنان و پێکھاتەی سەربازی ھێزەکانی کۆڵییەوە و ئامادەی نمایشێکی سەربازیش بوو کە بەشێوازێکی نوێ راھێنراون و ئامادەکراون بە ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانان.

لەبەرانبەر مەشقی چڕوپڕو و بەدیسپلینی ھێزەکان و بونیادنانی پێکھاتەکەیان لەسەر بنەما زانستییە سەربازییەکان، بافڵ تاڵەبانی سوپاس و ستایشی فەرماندە، و پێشمەرگە و کارمەندەکانی کرد کە شەو و ڕۆژ لەئەرکدان و پشوودرێژانە خۆیان تەیاردەکەن و وەک ھێزێکی تۆکمە ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر مەترسییەک کە ئارامیی ھەرێم تێکبدات.

بافڵ تاڵەبانی روونیشیکردەوە "بەچەند قۆناغێک تەواوی ھێزەکان رێکدەخەینەوە و لەسەر بنەمای نیشتمانی و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ھەرێم پێکھاتەکانیان دادەڕێژینەوە و دەبێت لەمەودوا ھێزەکانی یەکێتی ھێزی گەل و کوردستان بێت و لەئاست بەرپرسیارێتی نیشتمانی بێت و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و بەرژەوەندیی گشتی ئەرکەکانیان رابپەڕێنن، بە ھیچ شێوەیەکیش نایەڵین تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بکرێن و بۆ مەرامی شەخسی بەکاربھێنرێن، ھەر کەسێکیش یاساشکێنی کردبێت و ھێزەکانی یەکێتی بۆ کاری تایبەت بەکارھێنابێت و تێوەگلابێت بە کاری نایاسایی، رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە. چونکە ئێوە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شانازی و شکۆمەندین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش، بۆ ئەمەش شانازی بە رۆڵ و ماندووبوون و گیانفیداییتانەوە دەکەین".

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی میکانیزمەکانی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژەی بە ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە لەچوارچێوەی ھێزی نیشتمانی ئامادە دەکرێن بۆ پارێزگاریکردن لەئاسایش و ئارامی ھەرێم، راشیگەیاند "یەکێتی ئامادەیە بۆ سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە و دەمانەوێت لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و تایبەتمەندێتی ھێزەکان ئەم پرۆسەیە سەربخەین".
س.س
Qaiwan
Qaiwan