کوردستانی
لە كەركوك یەكێتی و گۆڕان نێوانیان گەرمە و دەیانەوێت سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنن
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک رایدەگەیەنێت لە کەرکوک یەکێتی بە گەرمی پێشوازی لەو هاوپەیمانێتی کوردستان دەکات کە لەنێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان دایە، ئاماژە بەوەشدەکات یەکێتی لێکتێگەیشتنی باشی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا هەیە.
دڵپاک تاهیر، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند "هاوپەیمانێتی کوردستان نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتییەکی گرنگە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق، بۆیە لە کەرکوک یەکێتی بە گەرمی پێشوازی لەو هاوپەیمانێتییە دەکات و کاری بۆ دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد "لە کەرکوک ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە باشی دەڕوات و 29 میحوەر دابەش بووە لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی یەکێتیی کەرکوک بۆ راپەڕاندنی کارەکانی هەڵبژاردن".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی وتی "لێکتێگەیشتنی باشمان هەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە هەرچی لیستی کوردی هەیە لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت، چونکە چەندێک کورسی کورد زیاتربێت لە بەغدا مافەکانی کورد زیاتر فەراهەم دەبێت".
بڕیارە مانگی 10ی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، لەئێستادا سەرجەم لایەنەکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هەڵبژاردن.
س.س
بیروڕا



