کوردستانی
تەقەکەرێک دوای ئەوەی کارمەندێکی ئاسایش برینداردەکات دەستگیردەکرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هێزەکانییان تەقەکەرێکیان دەستگیرکرد کە کارمەندێکی ئاسایشی بریندار کردبوو، پاشان هەڵاتبوو.
ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "شەوی رابردوو دوای ئەوەی مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گوێبیستی دەنگی تەقە دەبن لە نزیک گۆڕستانی هەواری تازە، بۆ ئەو مەبەستە دەچنە شوێنی رووداوەکە و لەگەڵ گەشتنی هێزەکانی پۆلیس تۆمەتبارەکە تەقە دەکات و هەڵدێت، بەڵام هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن دەستگیری دەکەن و دەست بەسەر دەمانچەکەیدا دەگرن".
ئەوەشی خستووتەڕوو، پاش ناردنی بۆ بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ بۆ لێکۆڵینەوە دەرکەوتوە تۆمەتبار (ر، ف، س) لە دایکبوی 1999 پیشەی بێکار و تەقەی لە کارمەندێکی ئاسایشی سلێمانی کردووە کە لە ئەرکدا بووە و برینداری کردووە.
باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەندە بەپێی ماددەی 31/405، ناوبراو پێشتر سزادراو بووە لەسەر مادەی هۆشبەر.
ر. ر
بیروڕا



