کوردستانی

دوو داواكاری لە كرێنشینانەوە بۆ حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوو داواكاری لە كرێنشینانەوە بۆ حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بڕیارە دوو پرۆژەی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی کە لە 1500 یەکە پێکهاتوون بەشێوەی فۆڕم بەسەر کرێنشیناندا دابەش بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەک پێکدەهێنرێت.

به‌رهه‌م سه‌ردار، سكرتێری گشتیی كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی كرێنشینان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە شاری سلێمانی 14 پرۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە کە بۆ کۆمەڵێک چین و توێژە بۆ مامۆستایان و تەکنیککاران و کرێکارانە، هەروەها پرۆژەی سیتەک و زڕگوێز بڕیارە کە لیژنەیەکی بۆ دروستبکەین لە کۆمەڵەی کرێنشینان و دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگای سلێمانی و ئاوەدانکردنەوە کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام بدەین بە مەبەستی شێوازی دابەشکردنی ئەم یەکانە بەسەر کرێنشیناندا بەشێوەی فۆڕم".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە وەک کۆمەڵەی کرێنشینان پرۆژەیەکمان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار کردووە، لەئێستادا کاری لەسەر پرۆژەکە دەکرێت و چاوەڕێی مۆڵەت دەکەین تا پرۆژەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بێگومان خزمەتێکی گەورەیە بۆ کرێنشینان، چونکە پرۆژەکانی کە لەلایەن ئێمەوە دروستدەکرێت بەدڵنیاییەوە ئەو کۆمپانیایانەی کە لەگەڵ ئێمەدا پەیوەندییان هەیە بە قیستێکی درێژخایەن و پێشینەیەکی زۆر کەم داوامان کردووە هەڵبەتە لە تموحی ئەوەی کە کەسانی کەمدەرامەت سوودی لێببینن".

 ئاماژەی بەوەشکرد "پرۆژەکانی سیتەک و زڕگوێز 1500یەکەیە, بەدڵنیاییەوە ئەو 14 پرۆژەیەش بەپێی پرۆژەکان هەندێکیان سێ هەزارە و هەندێکیان دوو هەزارە وە کۆی گشتییەکان زۆر زۆرە ئەگەر شارەوانی زەویان بۆ دابینبکات بە زووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

لەبارەی دۆخی کرێنشینانەوە بەرهەم سەردار وتی "دۆخی کرێنشینان رووی لە خراپبوون کردووە، لەبەرئەوەی کە لە ساڵانی رابردوو پاشەکەوتی مووچە و کەمی بازاڕ و کەمی ئاوەدانکردنەوەی گوندنشینەکان کە روویان لە شار کردووە ئەمانە وایان کردووە هەڵئاوسانێکی گەورە روویداوە و نرخی کرێ خانوویان زیاد کردووە".

باسی لەوەشکرد "کرێنشینەکانیش بەداخەوە باری داراییان باش نییە، بەڵام ئەگەر ئەم پرۆژانە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە تایبەت لە ئەمساڵدە کە بڕیارە کۆمەڵێک پرۆژەی دیکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە دڵنیاییەوە بەشێکی زۆر لەو کرێنشینانەی کە سەروو ئاستی مامناوەندن دەتوانن سوودمەندبن لەم پرۆژانە و شوێنی ئەوان چۆڵدەبێت، ئەمەش وادەکات نرخی کرێ خانوو کەم ببێتەوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan