کوردستانی

کێشەی کەم ئاوی شاری هەولێر گەیشت بە کوێ؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


کێشەی کەم ئاوی شاری هەولێر گەیشت بە کوێ؟
مەودا میدیا-

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەندێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر تووشی گرفتی کەم ئاوی بوون بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێر رایگەیاند، لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە گرفتەکان چارەسەرکراون و هەندێک لە گەڕەکەکان جارێک یان دوو جار ئاویان بۆ چووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند رۆژێک بێ ئاو بوون رەنگە پێداویستییەکانیان پڕنەبووبێتەوە و هەوڵی زیاتر دەدەین گرفتەکە بەتاوەی چارەسەربکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئابی 2021 ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەولێر بە مەودا میدیای راگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا بەرنامەی ئەوەیان هەیە تانکەری ئاو بۆ هەموو ئەو شوێنانە دابین دەکەن کە بەهۆی وشكبوونی بیرەوە بێ ئاو بوون و هەروەها  لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا بیری نوێ لێدەدەن بۆ ئەوگەڕەکانەی بیری ئاوەکانیان وشکی کردووە، هەروەها لەرێگەی چوار ژمارەی تەلەفۆنەوە هاوڵاتییان لەکاتی پێویستدا دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن و ئاویان بەدەست دەگات.
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی کەم ئاوی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەشێکی گرفتی کەم ئاوی پەیوەندی هەیە بە لێڵ بوونی ئاوی زێی گەورە لە ئەنجامی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوودا، بەگشتی ئەو حاڵەتەش زیاتر لە وەرزی پایز و زستان روودەدات و ئەوەی ئەمساڵ روویداوە حاڵەتێکی جیاوازبووە و رێژەی لێڵ بوونەکەشی بەرزە، بەوهۆیەش لەماوەی 48 کاتژمێردا سەرچاوەکانی پاککردنەوەی ئاو تەنها توانیویانە 30 کاتژمێر کاربکەن، ئەوەش ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژ گرفتی دروستکرد.
 
روونیشیکردەوە، لە بەشێک لە گەڕەکی شاری هەولێر هیچ کێشەیەکی ئاو بوونی نییە و ئاوی بەردەوام بوونی هەیە، بەشێکی گەورەی گرفتی کەم ئاویش ئەوەبووە هەندێک ناوچە لەیەک کاتدا ئاوی بیر و ئاوی ئیفرازیشیان هەبووە، کاتێکیش ئاوی بیر وشکبووە زیاتر هەستیان بەکێشەکە کردووە. 

سەبارەت بە گرانکردنی نرخی تانکەری ئاو لەلایەن شۆفێری تانکەرەکانەوە باسی لەوەکرد، بەشێک لەو شۆفێرانە هەلەکەیان قۆستۆتەوە و نرخی تەنکەری ئاویان لەسەر هاوڵاتییان گرانکردووە و بەجۆرێک باس لەوە دەکرێت یەک تەنکەر ئاویان بە سەد هەزار بە هاوڵاتییان فرۆشتووە، لەسەر ئەو کارەیان تووشی سزایی یاسایی و دارایی دەبن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

ر. ر

Qaiwan
Qaiwan