کوردستانی

لە سلێمانی سێ تۆمەتبار بەتۆمەتی مامەڵەكردن بەدراوی ساختەوە دەستگیركران

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە سلێمانی سێ تۆمەتبار بەتۆمەتی مامەڵەكردن بەدراوی ساختەوە دەستگیركران
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە دوو چالاكی جیاجیادا، مەفرەزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی- بنکەی پۆلیسی سەرا و رزگاری سێ تۆمەتباریان بەتۆمەتی مامەڵەكردن بەدراوی ساختەوە دەستگیركرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئابی 2021 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، رۆژی حەوتی ئەم مانگە، چەند خاوەن دووكانێك بنكەی پۆلیسی سەرایان ئاگادار كردەوە كە لەكاتی مامەڵەكانیاندا پارەی ساختەیان دراوەتێ، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بنكەی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوە و بەدواداچونەكانی دەستپێكرد و گومان خرایە سەر دوو تۆمەتبار، توانرا دوێنێ هەردوو تۆمەتبار (أ، ف، ح لەدایكبوی 1979)و (م، ح، م لەدایكبوی 1979) لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە دەستگیربكرێن.

باسی لەوەشکردووە، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا دەستیشگیرا بەسەر بڕی 14 ملیۆن دیناری عیراقی ساختەدا لەگەڵ بڕێك دۆلاری ئەمەریكی ساختە و ئوتۆمبێلێك كه بەتۆمەتبارەكان بووە.

ئەوەشی خستووتەڕوو، لەلایەكی دیكەوە و دوای كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی رزگاری تۆمەتبارێکیان بەناوی (ب، ح، ف، لەدایکبوی 1999)  لە شەقامی سالمی سلێمانی (سەھۆڵەکە) دەستگیرکرد کە بڕێک دراوی بیانی ساختەی پێ بووە و بەنیاز بووە ساغی بکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا ئەوەش هاتووە، لە كاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەدا دەستیشگیرا بەسەر ئەو دراوە ساختەیەدا كە بەتۆمەتبار بووە، لە ئێستادا هەرسێ تۆمەتبارەكە كە كوردن، بەبڕیاری دادوەر راگیراون  و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.
ر. ر

Qaiwan
Qaiwan