کوردستانی
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی بە سەدان هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
قەیرانی دارایی و ئابووریی لە هەرێمی کوردستان ئامارەکانی بێکاری بەرزکردووەتەوە وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییش رایگەیاند، ئەو کەسانەی کاریان نییە با سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بکەن و ناویان تۆماربکەن بۆ ئەوەی کاریان بۆ پەیدا بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئابی 2021 سەبارەت بە رێژەی بەرزی بێکاری لەناو گەنجان و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان ئاریان ئەحمەد، وتەبیژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی بە مەودا میدیای راگەیاند " ئێمە وەکو وەزارەت بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە رەخساندنی هەلی کارمان هەیە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان، وەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی راهێنانی پیشەیی و راهێنانی کار، ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە لێکۆڵینەوە لە بازاڕی کار دەکەن و ئەو کەسانەی کاریان نییە و دەیانەوێت کارێک پەیدا بکەن با سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانمان بکەن و ناویان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی راهێنانیان پێبکەین و دواتر کاریان بۆ پەیدا بکەین".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەرکەسێک پەیوەندیمان پێوەبکات بەدڵنیاییەوە هەلی کاری بۆ دەڕەخسێنین و تا ئێستاش سەدان کەسمان خستووەتە سەر کار و ئێستا خاوەنی کاری خۆیانن، بەڵام هەندێک لە گەنجەکانمان هەموو کارێک ناکەن یان دێن کاریان بۆ دەدۆزینەوە ماوەیەکی کورت دەیکەن و دواتر وازی لێدەهێن و لە پاشان گلەی دەکەن و دەڵێن بێکارین.
جەختیشیکردەوە، کە دەبێت لە پەرلەمانەوە یاسایەکی تایبەت دەربکرێت بۆ ئەوەی کۆمپانییاکان ناچاربکات رێژەیەک لە کارمەندانی لە گەنجانی کورد پێکبهێندرێن بەتایبەت کۆمپانییا بیانییەکان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا یاسایەکی لەو شێوەیە بوونی نییە.
لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانبەری دانەمەزراندووە کە ئەوانەیش بوونەتە هۆی ئەوەی بێکاری لەناو گەنجان و هاونیشتمانییاندا دروست ببێت، پلانی حکومەتیش ئەوەیە پەرە بە کەرتی تایبەت بدات بۆ ئەوەی هەلی کار لە دەرەوەی کەرتی گشتیدا دروست ببێت.
ر. ر
بیروڕا



