کوردستانی
بافڵ تاڵەبانی: جیاوازی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە ناهێڵین
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
ئەمڕۆ پێنجشەممە هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان سەردانی بارەگای لیواكانی (سێ و حەوتی) سەر بە هێزەکانی 70ی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرد.
لیوا ئەیوب یوسف سعید، سەرپەرەشتیاری هەردوو لیوای سێ و حەوت لە لاپەڕی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە بارەگای لیواکانی سێ و وحەوتی تایبەت بە یاوەری هەموو هەڤاڵانم لە هەردوو لیوای ناوبراو پێشوازیمان لە هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی گشتی هێزەکانی 70 کرد و دواتریش لەگەڵیاندا کۆبووینەوە و باسی دواین پێشهات و گۆڕانکاریەکانمان کرد".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "بافڵ تاڵەبانی لە وتارێکدا ئاماژەی بە رۆڵ و گرنگی هێزەکانی پێشمەرگە و لە ناویشیاندا هێزەکانی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای سێ وحەوتی بە تایبەتی کرد و بە هێزێکی نیزامی و جێ بایەخ و گرنگ وەسفی کرد و بەڵێنیشیدا کە لەم ساتەوە زیاتر خزمەت بە هێزەکانی پێشمەرگە بکات و هەموو هەوڵی خۆی بخاتە گەڕ لەو پێناوەدا بە ئامانجی یەک خستنەوەی هەموو هیزەکان و نەهێشتنی جیاوازی لە نێوانیاندا".
باسی لەوەشکردووە "ئێمەش لای خۆمانەوە سوپاسی سەردان و بەسەر کردنەوەکەی بەڕێزیانمان کرد و ئاماژەمان بە کێشە و کەمووکورتیەکانماندا و هەردوو لا سوربووین لەسەر یەکڕیزی و تەبایی برایانی پێشمەرگە و پاراستنی ناوخۆی هێزەکانمان و سەرخستنی لیستی مام لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە هەمان نەفەسی پێشوو" .
ر. ر
بیروڕا



