راپۆرت

ئاری بن میناش؛ ئەو پیاوەی لە دواساتدا دیکتاتۆرەکانی لە کەوتن رزگار دەکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاری بن میناش؛ ئەو پیاوەی لە دواساتدا دیکتاتۆرەکانی لە کەوتن رزگار دەکرد
مەودا میدیا-

ئەفسەرێکی باڵای ئیسرائیلی کە هاوکاری ئێرانی دەکرد، پیاوێک کە چەکی لە ئسیرائیل و ئەمەریکا دەکڕی و دەینارد بۆ ئێران، لەسەروبەندی شەڕی نێوان عیراق و ئێراندا، دەرگای بەسەر ئێراندا کردەوە و هاوکاری بۆ پەیداکرد، ئاری بن میناش؛ ئەو پیاوەی فریای خومەینی کەوت.

ماوەیەک بەسەر شەڕی نێوان ئێران و عیراقدا تێپەڕێبوو، ئێران بە تەواوەتی کەوتبووە دۆخێکی نائاساییەوە، سوپای عیراق زیاتر لە 100 کیلۆمەتر چووبووە ناو قوڵایی خاکی ئێرانەوە، سوپای ئێران هێندەی نەمابوو بە یەکجاری هەرەس بهێنێت.

بڕێکی کەم چەک و تەقەمەنیی لە کۆگا سەربازییەکاندا مابوو، حکومەتی ئێران پەنای بۆ هەر وڵاتێک دەبرد، دەست بە روویەوە دەنرا، بەڵام لەو گەمارۆ توندەدا، ئاری بن میناش ئەفسەری باڵای هەواڵگری مۆساد، فریای خومەینی کەوت.

ئاری بن میناش، یەکێک بوو لە ئەفسەرە باوەڕپێکراوەکانی دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلی، ئەو لە تاران، لە دایک و باوکێکی جولەکەی عیراقی لە دایکبووە.

دوای لەدایکبوونی ئاری بن میناش، خێزانەکەی روو لە ئیسرائیل دەکەن، ئەو لەوێ گەورە دەبێت و پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلییەوە دەکات، بەزوویی پلە سەربازییەکان دەبڕێت و دەبێتە ئەفسەرێکی پلە باڵا و بەرپرسیارێتی مامەڵەکردنی نهێنیی لەگەڵ ئێران پێ دەسپێردرێت.

لە سەروبەندی شەڕی نێوان ئێران و عیراقدا، ئاری رۆڵیکی گەورە دەگێڕیت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نهێنی دەکات لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی باڵای هەریەک لە سوپای پاسداران و سی ئای ئەی ئەمەریکی، بەیەک دەگەیەنێت.

لەوێ رێککەوتنێک واژۆدەکەن و لەدوای ئەو رێککەوتنە فرۆشتنی چەک بە ئێران لەلایەن ئیسرائیل و ئەمەریکاوە، بەشێوەی نهێنی دەستپیدەکات، شارەزایان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر ئەو رێککەوتنە و هەوڵەکانی ئاری نەبوونایە، پێدەچوو لەماوەی چەند مانگێکدا ئێران بە تەواوەتی شەڕەکە بدۆڕێنێت.

لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکاندا، ئاری لە ئەمەریکا دەدرێتە دادگا، تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەروو خۆی چەکی بە ئێران فرۆشتووە، بەڵام ئاری لە دادگادا بەڵگەی تەواو دەخاتەڕوو و بێتاوانی خۆی دەسەلمێنێت.

دوای ئەو دادگاییکردنە، ئاری بن میناش، نیگەران دەبێت لە دەزگای مۆساد، هەر ئەوەش وای لێدەکات کتێبێک بەناوی "سودەکانی شەڕ" بنوسێت.

لە کتێبەکەدا چەندین نهێنی دەزگای مۆساد و پلانەکانی ئسرائیل ئاشکرا دەکات و پەردە لەسەر پەیوەندی نهێنی نێوان تەلئەبیب و تاران هەڵدەماڵێت.

ئاری، دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای مۆساددا نەما، کۆمپانیایەکی راوێژکاری ئەمنیی نیودەوڵەتی دامەزران، لە کەنەدا نیشتەجێ بوو و لەوێ دەستی بە کارە نوێکەی کرد.

هەندێک، بەوە تۆمەتباری دەکەن کە لە کارە نوێکەیدا پشتیوانی سیستمە دیکتاتۆرەکانی ئەفەریقا دەکات، بۆ نموونە راوێژی ئەمنی و سەرباز و هەواڵگری پێشکەش بە موگابی، سەرۆکی زیمبابۆی کردووە کاتێک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆی خرابوویەسەر.

هەروەها رێککەوتنێکی بە بڕی شەش ملیۆن دۆلار لەگەڵ پایەبەرزێکی دەسەڵاتی سەربازیی سودان واژۆکردووە و چەکی بۆ ناردووە. 

ئاری لەم دواییەدا، زیاتر وەکو دۆست و فریادڕەسی سەرۆکە ستەمکارەکان دەردەکەوێت و لە دوا هەناسەدا دەچێتە ژێر باڵی دیکتاتۆرەکان و رێگە نادات بکەون.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە