کوردستانی
ناوەڕۆکی کۆبوونەوە هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و پێشمەرگەی هەرێم بڵاوکرایەوە
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئەنجامدرا و تێیدا بڕیار لە پێکهێنانی هێزی هاوبەش درا.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند "بەسەرپەرشتی فەریق جەمال محەمەد، سەرۆکی ئەرکان، فەریق جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عیراق، بە ئامادەبوونی ژەنەڕاڵ فۆگارتی، بەرپرسی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان لە عیراق، هەردوو شاندی باڵای هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزە هاوبەشەکانی عیراق لە هەولێر کۆبوونەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە "لەکۆبوونەوەکەدا، باس لە ئەرک و کارەکانی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقیەکان و دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش کراوە".
روونیشیکردووەتەوە "هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەماهەنگی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق و کاری هاوبەش تاوتوێ کرا".
زیاتری نوسیوە "هەردوو شاندی باڵا سەردانی بنکەی هەماهەنگی هاوبەشی هەولێریان کرد، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا لەگەڵ بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی گشت بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش، کە تیایدا جەختیان لە گرنگی بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش و کاری هاوبەش کردەوە، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، کە پێویستە بنکەکانی هەماهەنگی هاوبەش ڕۆڵیان هەبێت لەپاڵپشتی و سەرخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقدا".
ب.م
بیروڕا



