راپۆرت

مەودا میدیا وردەكاری جێبەجێنەكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بڵاودەكاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەودا میدیا وردەكاری جێبەجێنەكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بڵاودەكاتەوە
مەودا میدیا-

سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگرە لە دروستكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی سەرۆكی لیژنەی پرۆژەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش ئاماژە بەوەشدەكات حكومەت دەیەوێت لە كوالێتی شەقامەكە كەمبكاتەوە و تەنیا شەقامێكی ئاسایی بێت بەبێ كوالێتی و خزمەتگوزاری.

لوقمان حەمە حاجی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگیراوە هۆكارەكەشی ئەوەیە كۆمەڵێك سەرنج و تێبینی لەسەر تەندەرەكە هەیە و لیژنەیەكیش پێكهێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی تەندەرەكە".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو گرفتانەی هەیە لەسەر پرۆژەكە و تەندەرەكە لە داهاتوویەكی نزیكدا چارەسەر دەكرێن لیژنەی شارەوانی پەرلەمانی كوردستانیش بەدواداچونی وردی لەسەر ئەو بابەتە كردووە و پێمان راگەیەندراوە كە بەزووترین كات دەست بەجێبەجێكردنی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی دەكرێت".

سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان وتی "بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ راگرتنی ئەو پرۆژەیە و جێبەجێنەكردنی بەشێكی پەیوەستە بەو پارەیەی كە بۆ پرۆژەكە دانراوە، بەڵام لای هەمووان ئاشكرایە سلێمانی ناوچەیەكی شاخاویی و بەرزو نزمە و بۆ پرۆژەكان پارەیەكی زیاتری دەوێت".

روونیشكردەوە " ئەو سەرنج و تێبینیانەیە كە لەسەر پرۆژەكە هەیە ئەگەر بێتو لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە نەكرێت هەڵوێستمان دەبێت لە ناو پەرلەمانی كوردستان".

ئازاد رەسوڵ، سەرۆكی فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بونی كێشە و گرفت لە پرۆژەكە و تەندەرەكە هیچ پەیوەندیەكی بە ئێمەوە نییە ئێمە تەنیا لایەنی جێبەجێكارین و هەركات ئەو گرفتانە چارەسەركران دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەین".

رەمەزان نامیق، سەرۆكی لیژنەی پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا ئەو پارەیەی نییە كە دەست بە شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی بكات، بەڵام حكومەت بە فەرمی باسی لەوەی نەكردووە كە پارەی نییە بەڵكو هاتووە بە شێوەی تر بیانوو بۆ جێبەجێكردنەكە دەهێنێتەوە".

باسی لەوەشكرد "سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگرە لە جێبەجێكردنی شەقامەكە، لە كاتێكدا شەقامەكە سێ قۆناغە و بۆ قۆناغی یەكەمی شەقامەكە 33 كیلۆمەتری دیاریكراوە و پارەی بۆ دیاریكراوە لە تاسڵوجەوە بۆ دەمركان دوو بەشەكەی تری تائێستا هیچ دەنگی نییە و دەرخستەی بۆ نەكراوە و تەندەرینیشی بۆ نەكراوە".

هەروەها وتی "شەڕەكە لەسەر شتێكە ئەویش شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە فول كوالێتی و خزمەتگوزاری و دیزاینی زۆر باش تەنیا دیزاینەكەی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری تێچووە و لە هەموو عیراق شەقامی لەو شێوەیە نییە بە جۆرێكە فڕۆكە دەتوانێت بەسەریدا بڕوات، بەڵام حكومەت رەزامەند نییە لەسەری و وتویەتی پێویست ناكات سلێمانی ئەو شەقامەی هەبێت بەو كوالێتیەوە و پێویستە كوالێتی كەمبكرێتەوە بە كورتیەكەی دەیانەوێت لە كوالێتی شەقامەكە كەمبكەنەوە".

سەرۆكی لیژنەی پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو "حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لە كوالێتی پرۆژەكە كەمبكەنەوە لە كاتێكدا كۆمپانیای قەیوان ئامادەیی نیشانداوە كە ئەو دەست بە جێبەجێكردنی شەقامەكە دەكات و پارەش وەرناگرێت تەنیا حكومەت رەزامەندی لەسەر دەستپێكردنی بدات حكومەت دەیەوێت بە جۆرێك لە جۆرەكان زەخت لەسەر كۆمپانیای قەیوان بكەن و دەری بكەن".

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئەوەشی ئاشكراكردووە "لە بەدواداچونێكدا بەرپرسانی حكومی پێیان وتم ناكرێت تێچووی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی تێچووەكەی زۆرتربێت بەراورد بە شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر لە كاتێكدا كۆی گشتی شەقامی 120 مەتری ھەولێر 34,5 کیلۆمەترە بڕی 489 ملیۆن دۆلاری تێچووە بێ لەوەی بایی 50 ملیۆن دۆلاریش زەویان پێدراوە لەبری قۆناغی یەکەم تێچوی ھەر کیلۆمەترێک 14,17 ملیۆن دۆلار بووە".

ئەوەشی خستوەتەڕوو "شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی 33 کیلۆمەترە و تێچووەكەی 391 ملیۆن دۆلاری بۆ دانراوە لەکاتێکدا زەویەکەی سلێمانی سەختترەو شوێنەکەی بڕین و یەکتربڕو تێچوی زۆرترە تێچووی ھەر کیلۆمەترێکیش 11,86 ملیۆن دۆلارە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان روونیشیكردوەتەوە "ھەر کیلۆمەترێکی شەقامی 120 مەتری ھەولێر بە بەراورد بە شەقامی 100مەتری شاری سلێمانی 2 ملیۆن و 300 ھەزار دۆلار زیاتری تێچووە".

هەروەها وتوشیەتی "بۆ شەقامی 150 مەتری شاری ھەولێر نێوان رێگای سەرەکی ھەولێر بەحرکە تا ھەولێر کۆیە 14 کیلۆمەترە بەبێ پارەی گوژمەی گۆڕانکاری 131ملیۆن و 316 ھەزارو 280 دۆلاری بۆ تەرخان کراوە گوژمەی گۆڕانکاری بۆ شەقامی 120 مەتری شاری هەولێر کە خراوەتە سەر گوژمەی تەرخان کراو بڕی 105 ملیۆن دۆلار بووە گوژمەی گۆڕانکاریش بۆ شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر کەمتر نابێ لەو بڕەی شەقامی 120 مەتری هەولێر".
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان