عارف قوربانی

عارف قوربانی

ئایا داعش دەگەڕێتەوە؟

له ‌سه‌روبه‌ندی هاتنی داعش بۆ عیراق و تا ماوه‌یه‌كی دواتریش زۆر جار گوێمان له‌ قسه‌یه‌كی کاک مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌بوو كه‌ لۆمه‌ی نوری مالیكی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی ده‌كرد به‌وه‌ی کە دەیوت "پێش چه‌ند مانگێك له‌ هاتنی داعش من زانیاری ئه‌و مه‌ترسییه‌م پێیداوه‌، به‌ڵام نوری مالیكی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق مه‌ترسییه‌كه‌ی به ‌بایه‌خه‌وه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌". ده‌شێ‌ بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رج و رۆژگارانه‌ كه‌ كێشه ‌و ناكۆكییه‌كی قووڵ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا هه‌بوو، نوری مالیكی متمانه‌ی به‌ زانیارییه‌كانی بارزانی نه‌بووبێت، یان له‌ باوه‌ڕبوون به‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی عیراقه‌وه‌، پشت ئه‌ستور بووبێت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ دروستیش بن، بایی ئه‌وه‌ نین هه‌ڕه‌شه‌ بخه‌نه‌سه‌ر عیراق كه‌ سوپاكه‌ی به‌ پێشكه‌وتووترین جۆره‌كانی چه‌كی ئه‌مەریكی ته‌یار كرابوون. بارزانی ده‌یویست بڵێت، غرووری مالیكی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بووه‌ هۆكاری ئه‌و رووداوانه‌ی عیراق و ناوچه‌كه‌یان گیرۆده‌ی كێشه‌گه‌لێكی زۆر كرده‌وه‌.
 
ئێستا ناوه‌ندی زۆر گرنگتر له‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی كوردستان، سه‌ركرده‌ی كاریگه‌رتر و وڵاتانی زلهێز، ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ گوێی كورد خۆیدا ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كه‌ ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌. ئایا كوردیش هاوشێوه‌ی مالیکی بایه‌خ بۆ ئه‌و ئاگاداركردنه‌وانه‌ دانانێن تا سه‌ری نه‌ته‌قێ‌ به‌سه‌ری داعشدا؟ یان وه‌ك پلانی پێشوه‌خته‌ خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ ده‌كات؟ به‌تایبه‌ت كاتێك زانیارییه‌كان له‌سه‌ر زاری سه‌ركرده‌ی وڵاتانی وه‌ك ئه‌مەریكا، روسیا و ئه‌ڵمانیاوه‌ باس بكرێن، ناكرێت پشتگوێ‌ بخرێن. جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مەریكا كاتێك رووبه‌ڕووی ره‌خنه ‌و نیگه‌رانییه‌كی زۆر كرایەوە‌ له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی له‌ ئه‌فغانستان و هه‌موو جیهان چاوی سه‌رنجی بڕیوه‌ته‌ ئه‌وه‌ی به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مەریكا، تاڵیبان چی كاره‌ساتێكی مرۆیی ده‌خووڵقێنێت، بایدن پێمان ده‌ڵێت، تاڵیبان مه‌ترسی نییه‌، ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشه‌ له‌ عیراق و سوریا. به‌دوای ئه‌وه‌یشدا له‌ دیداری لوتكه‌ی نێوان ئه‌ڵمانیا و روسیا، جەخت له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ کرایەوە.
 
داعش له‌ قۆناغی پێش هاتنی بۆ عیراق و ده‌ستگرتنی به‌سه‌ر چه‌ندین كۆگای پڕ له‌ چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی، هێزێكی ناڕێكخراو و كه‌متوانا بوو له ‌رووی پێداویستی چه‌ك و كه‌ره‌سه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌، گرته‌ ڤیدیۆییه‌كانی رۆژانی هاتنیان و گرتنی موسڵ هێشتا له‌پێش چاومانن، به‌ڵام دوای گرتنی ناوچه‌ سوننییه‌كان و هه‌ڵهاتنی سوپای عیراق و جێهێشتنی هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌ل و چه‌ك و جبه‌خانه‌ سه‌ربازییانه‌ی عیراق كه‌ له‌ باشترین و پێشكه‌وتووترین جۆره‌كانی چه‌كی ئه‌مەریكی بوون كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش، دواتریش له‌ هاتنی هاوپه‌یمانان و هێنانی چه‌كی جۆراوجۆری وڵاتانی ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ رێگه‌ی بازرگانانی خوێنه‌وه‌ له‌نێو هێزه‌ كوردی و عیراقییه‌كان چه‌كی زیاتریان پێفرۆشرا و بوونه ‌خاوه‌ن هه‌مان ئه‌و جۆره‌ چه‌كانه‌ی له‌ ده‌ستی سوپای هاوپه‌یمانه‌كاندا هه‌بوون. ئه‌زموونی جه‌نگی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش كردوونی به ‌هێزێكی به‌ ئه‌زموونتر. بۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی هه‌ر هه‌لومه‌رجێكدا بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان، داعشی ئه‌مجاره‌ به‌هێزتر، پڕچه‌كتر و راهێنراوتره‌ له‌و گرووپانه‌ی له‌ 2014 هاتن.
 
سه‌رباری ئه‌وه‌ی جوگرافیایه‌كی دیاریكراو له‌ ده‌ستی داعشدا نه‌ماوه‌، ده‌وڵه‌ت و خه‌لافه‌ته‌كه‌یان رووخێندران و به‌شێكی زۆر له‌ چه‌كداره‌كانیان كوژراون، به‌ڵام هه‌ر به‌پێی ئامار و داتای ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌ جێ باوه‌ڕ و جێی متمانه‌كانی وڵاتانی دنیا، هێشتا ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش وه‌ك گرووپ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی وڵاته‌ جیاجیاكاندا ماونه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌زاران كه‌س ده‌خه‌مڵێندرێن، زۆر زیاترن له‌و ژمارانه‌ی له‌ پێش هاتنیان بۆ عیراق هه‌یانبوو. كه‌واتا پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت ئه‌و داعشه‌ی له‌ داهاتوودا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ له‌و داعشه‌ی پێشووتر به‌هێزتره‌. 
 
له‌ ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مەریكا و وه‌ك پێشهاتێكی چاوه‌ڕوانكراو ئه‌گه‌ر داعش ده‌ركه‌وتنه‌وه‌، كورد چی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ شه‌ڕێكی مه‌ترسیداری له‌و جۆره‌ بپارێزێت؟ به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌وه‌ش سه‌لمێندراوه‌ وڵاته‌ هه‌رێمایه‌تی و ناوه‌نده‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و جیهان ده‌ستیان له‌نێو سه‌ری داعشدایه‌ و ده‌توانن زۆر به‌ ئاسانی ئاراسته‌یان بكه‌ن؟ ئایا كورد هیچ بیری له‌وه‌ كردووەته‌وه‌ به‌ كشانه‌وه‌ی ئه‌مەریكا چاره‌نووسی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی چی لێدێت، وڵاتانی دیکە تاوەکو چه‌ند ئاماده‌ن به‌بێ‌ ئه‌مەریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بمێننه‌وه‌؟ دۆسته‌كانی كورد كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ گوشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر كوردستان بۆ یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و پارتی و یه‌كێتی به‌گوێیان ناكه‌ن، هه‌ڵوێستیان چۆن ده‌بێت و تاكه‌ی ئاماده‌ن چه‌ك بده‌ن به‌هێزی سه‌ر به‌ حزبه‌كان.
 
له‌ ئه‌گه‌ری هاتنه‌وه‌ی داعشدا و ئاراسته‌كردنیان رووه ‌و كوردستان، كه‌ هه‌لومه‌رجی هه‌رێمایه‌تی له‌باره‌ بۆ گه‌له‌كۆمه‌كێیه‌كی له‌و جۆره‌، كوردستان چۆن خۆی ده‌پارێزێت؟ ئه‌و نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی هاوڵاتییانی كوردستان له‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و نادادی و رۆژ له‌دوای رۆژ قورستركردنی باری ژیان، دۆخی ده‌روونیی خه‌ڵكی كوردستان به‌ره‌و كوێ‌ ده‌بات و تاكوێ‌ ئاماده‌یی تیادایه‌ پشتیوانی له‌ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان بكات؟ چه‌ند كه‌ڵك له‌ هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانی چوار ساڵی پێشووتری شه‌ڕی داعش وه‌رگیراوه‌؟ توانای سه‌ربازی و عه‌قیده‌ی سه‌ربازی كورد له‌ چی ئاستێكدایه‌؟ فره‌ ناوه‌ندیی بڕیار له‌ناو هێزی چه‌كداری كوردستان، رێگه‌چاره‌ی دروستی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م چه‌ند مانگ و ساڵه‌ی له‌ پێشمانن كورد چی ده‌كات بۆ یه‌كخستنی تواناو ئیراده‌ی سه‌ربازیی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسییه‌ك بكه‌وێته‌ سه‌ر كوردستان؟ 
 
هێشتا كات و ده‌رفه‌ت ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورد بیر له‌ رێگه‌چاره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسییه‌ك بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشدا روو له‌ كوردستان بكات، به‌ڵام پێویستی به‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی كورد و یه‌كخستنی ئامانجی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و هه‌ستكردن به ‌به‌رپرسیارێتیی سه‌ركرده‌كان هه‌یه‌، ئایا ئه‌مانه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بن؟ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی سیاسییه‌كانی كورد وه‌ڵامی پێشوه‌خته‌مان ده‌ده‌نه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی داعش بێته‌وه‌.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan