عارف قوربانی

عارف قوربانی

نامه‌كه‌ بۆ كوردستانه‌ نه‌ك بۆ ئیسرائیل

سوپای پاسداران به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌ مووشه‌كبارانكردنی هه‌ولێر گرته‌ ئه‌ستۆ و رایگه‌یاند، "ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی پیلان و شەڕانگێزییەکانی زایۆنیزم"ی کردووەتە ئامانج، به‌ڵام پێناچێت ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌ بێت، ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی راگەیەندراوەکە راسته كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ بووین مووشه‌كه‌كانمان هاویشتووه‌، ئه‌و به‌شه‌ی دیكه‌ی راگەیەندراوەکەیان كه‌ گوایه‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ له‌ ئیسرائیل، درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌ڵێن بنكه‌ی ئیسرائیلمان كردووەته‌ ئامانج له‌ هه‌ولێر ئه‌وه‌شیان هه‌ر راست نییه‌.
 
ئیسرائیل به‌ درێژایی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوو چه‌ند جارێك راسته‌وخۆ له‌ناو ئێران گورزی گه‌وره‌ی له‌و وڵاته‌ وه‌شاندووه‌، له ‌سه‌ره‌تای گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن مه‌لاكانه‌وه‌ له‌ ئێران، ئیسرائیل بنكه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ته‌قاندنه‌وه‌. له‌و كاته‌شه‌وه‌ تائێستا ده‌یان پسپۆڕ و شاره‌زایی بواری ئه‌تۆمی له‌ناوجه‌رگه‌ی تاران كردووەته‌ ئامانج و ته‌نانه‌ت له‌ رێگه‌ی تیمێكی تایبه‌ته‌وه‌ هه‌موو ئه‌رشیڤ و به‌ڵگه‌ی كاركردنی وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانی گواسته‌وه‌ بۆ ئیسرائیل، ئێران تۆڵه‌ی هیچ كام له‌مانه‌ی له‌ ته‌لئه‌بیب نه‌كرده‌وه‌. به‌درێژایی 10 ساڵی رابردووش زۆر فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای پاسداران و سوپای قودس و به‌رپرسانی ئیتڵاعاتی ئێرانی له‌ناو سووریا كوشتووه‌. ئێران نه‌یتوانیووه‌ راسته‌وخۆ ته‌نانه‌ت یه‌ك مووشه‌كیش به‌ ئیسرائیله‌وه‌ بنێت. هه‌رچی كرابێت دژ به‌ ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی گروپه‌كانی حیزبوڵڵا و حه‌ماس و قاعیده‌ و گروپگه‌له‌كانی دیكه‌ كردوویانه‌، نه‌ك راسته‌وخۆ ئێران خۆی ئه‌نجامی دابێت.
 
هیچ گومان له‌وه‌دا نییه،‌ كه‌ بابه‌تی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل ته‌نیا رووپۆشی ئامانجێكی دیكه‌یه‌، ئه‌زموونی رووداوه‌كانی رابردوو سه‌لماندوویه‌تی ئێران ناتوانێ‌ تۆڵه‌ له‌ ئیسرائیل بكاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی ئێران راست بووونایە، كه‌ ئه‌وه‌ بنكه‌ی ئیسرائیله‌ له‌ هه‌ولێر، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێران نه‌یده‌توانی بیكاته‌ ئامانج. ئێران خۆی زۆر باش ده‌زانێت بنكه‌ی مۆساد له‌ نزیكترین ده‌روازه‌كانی جه‌سته‌یه‌وه‌ له‌ كوێن، هیچ كات زاتی ئه‌وه‌ ناكات مووشه‌كی تێبگرێت. بۆیه‌ ئێران هه‌ڵه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر زۆر جه‌خت له‌وه‌ بكاته‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل، چونكه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وكات به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان باوه‌ڕ به‌ قسه‌كانی ئێران بكه‌ن. له‌و کاتەدا ده‌كه‌ونه‌ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئیسرائیل هیچ بنكه ‌و باره‌گایه‌كی نییه ‌و په‌رێزی خۆیان له‌وه‌ پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ ئێمه‌ هیچ كات به‌شێك نین و نابین له‌ كێشه‌ و ململانێی تاران و ته‌لئه‌بیب. له‌كاتێكدا ئێران به‌ تێگرتنی ئه‌م مووشه‌كانه‌ شتێكی دیكه‌ی له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌وێت، نه‌ك پاكانه‌كردن به‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا نییه‌.
 
هه‌روه‌ك چۆن به‌ستنه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌م مووشه‌كانه‌وه‌ وا ده‌كات ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ به‌ باشی نه‌گات، تێكه‌ڵكردنی بابه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه‌ له‌ به‌غدا و هاوپه‌یمانێتیی سێ قۆڵیی (سه‌در، بارزانی و حه‌لبوسی) وه‌ك هۆكارێكی پشته‌وه‌ی مووشه‌كه‌كان هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌، راسته‌ ئێران تا راده‌یه‌كی ئێجگار زۆر نیگه‌رانه‌ له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌، به‌ڵام پێشتر په‌یامی نیگه‌رانییه‌كانی به‌ قائانیدا نارد. په‌یامی پشت ئه‌م مووشه‌كانه‌ نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌غداوه‌ هه‌یه‌ نه‌ ته‌لئه‌بیب، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌و جه‌مسه‌ربه‌ندی و دابه‌شبوونه‌ی ئێستای جیهانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌ردوو بلۆكی رووسیا و ئه‌مریكاوه‌.‌ یه‌كێك له‌ ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و جه‌مسه‌ربه‌ندی و دابه‌شبوونه‌وه‌یه‌ی جیهان به‌سه‌ر ئه‌م دوو بلۆكه‌دا، كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی غازی سروشتی و رێڕه‌وه‌كانی گه‌یاندنییەتی به‌ بازاڕی جیهانی، بۆیه‌ ئه‌م مووشه‌كانه‌ی ئێران كه‌ به‌ زه‌رفێكی رووپۆشكراوی ئیسرائیلدا ناردی بۆ كوردستان، په‌یوه‌ندی به‌ گازی سروشتیی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.
 
ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به‌دوای جێگره‌وه‌ی غازدا ده‌گه‌ڕێن، له‌ ریزبه‌ندیی به‌دیله‌كاندا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م چاویان بڕیوه‌ته‌ توركیا تاوەکو گازی سرووشتیی قه‌ته‌ر، ئیسرائیل، میسر، ئیمارات و كوردستان بگه‌یێنێته‌ ئه‌وروپا، پۆتین راسته‌وخۆ نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی داوه‌ به‌ قه‌ته‌ر، له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیش له‌ گفتوگۆدایه‌. پێیان وابوو به‌و بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی عێراق له‌ به‌ نایاسایی ناوبردنی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ده‌رگەیه‌ش داده‌خه‌ن، به‌ڵام كاركردنی كۆمپانیای كار بۆ راكێشانی بۆریی غاز له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ره‌و دهۆك به‌ ئامانجی به‌ستنه‌وه‌ی به‌ توركیاوه‌، سه‌كۆی مووشه‌كه‌ دوورهاوێژه‌كانی ئێرانی جووڵاند و راسته‌خۆ ماڵی (شێخ باز) خاوه‌نی کار گروپی كرده‌ ئامانج، نه‌ك بنكه‌ و باره‌گای ئیسرائیل، مووشه‌كه‌كان نامه‌ی ئێرانه‌ بۆ كارنه‌كردن له‌ به‌ستنه‌وه‌ی بۆریی گازی سرووشتیی كوردستان به‌ توركیاوه‌، كه‌ ئێستا كۆمپانیای كار خه‌ریكی كاركردنه‌ تێیدا. 
 
من نازانم هه‌رێمی كوردستان دواجار خۆی به‌كام لادا یه‌كلاده‌كاته‌وه‌، یاخود چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشهات و رووداوانه‌ ده‌كات، په‌یوه‌ست به‌و پێویستییه‌ جیهانییه‌ی به‌شێكی له‌ خاكه‌كه‌ی ئێمه‌شدا هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌یه‌ك شتدا به‌رچاوی روون بێت، كێشه‌ی غازی سرووشتی و ململانێی رووسیا و ئه‌مریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه ‌و رێڕه‌وه‌كانی به‌ بازاڕكردنی، واده‌كات هیچ كام له‌و جوگرافیایانه‌ی سه‌رچاوه‌ی وزه‌ن ناتوانن هاوسه‌نگی له‌نێوان ئه‌م دوو بلۆكه‌ راگرن و به‌ بێلایه‌نی بمێننه‌وه‌. بۆ هه‌رێمێكی وه‌ك كوردستان كه‌ نیمچه‌ قه‌واره‌یه‌كی له‌رزۆكی هه‌یه‌، توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییه‌كانی كه‌متره‌، پێویسته‌ په‌یامه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن وه‌ربگیرێن و به‌ بیری ورد و هه‌ڵسه‌نگاندنی لۆژیكیانه‌ بڕیار بده‌ن.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan