راپۆرت
خۆکوشتن لە سایەی حوکمی ئەردۆغاندا
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دیاردەی خۆکوژی لە تورکیا تادێت رووی لە زیادبوونە، بەشێوەیەک کە ساڵانە رێژەی حاڵەتەکانی خۆکوژی رووی لە بەرزبوونەوەیە، لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵی رابردوودا کە ئاکەپە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، رێژەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن ٪29 زیادیکردووە.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی حکومەتی تورکیا، لە ماوەی دە ساڵدا 18 هەزار و 772 کەس خۆیان کوشتووە، لەو ژمارەیەش هەزار و 190 کەسیان لە دەرچوانی زانکۆ بوون و 853 کەسی تریان لە خوێندکاران بوون.
بەو پێیەش بێت لە هەر ساڵێدا هەزار و 870 کەس خۆیان دەکوژن، ئاواش هەر رۆژێک نزیکەی شەش حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار دەکرێن.
ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە حاڵەتەکانی خۆکوشتن پەیوەندییان بە قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتەوە هەیە، ئەوان پێیان وایە خراپی سیاسەتی ئابووری حکومەت و ئەو دۆخە ئابوورییەی لەئارادایە کاریگەری هەیە لەسەر بێزاربوونی هاوڵاتیان و ئەوەش وایان لێدەکات پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن.
بەڵام حکومەتی تورکیا ئەوە رەتدەکاتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە خۆکوژی پەیوەندی بە لایەنی دەروونی کەسەکانەوە هەیە نەک سیاسەتی حکومەت.
ئامارەکان دەریدەخەن لەو ساڵەوەی ئاکەپە گەیشتە دەسەڵات، واتە ساڵی 2002 تا ئێستا خۆکوشتن بە رێژەی ٪٢٧ زیادیکردووە.
ناوەندی ئامارەکان لە تورکیا بڵاویکردەوە کە لە ماوەی 5 ساڵدا هەزار و 300 کەس بەهۆی هەژارییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لە تورکیا بە شێوەیەک بڵاوبوووتەوە کە لە ماوەی ساڵێکی رابردوودا 100 هونەرمەند و موزیسیان هەوڵی خۆکوژییان داوە.
ئەو کەسانەی کە بەدەستی خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن رێژەی ٪١٩ی کۆی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە لە تورکیا گیان لەدەستدەدەن.