کوردستانی

گەشتوگوزاری سلێمانی: کەرتی تایبەت دەتوانێت سلێمانی ئاوەدان بکاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەشتوگوزاری سلێمانی:  کەرتی تایبەت دەتوانێت سلێمانی ئاوەدان بکاتەوە
مەودا میدیا-

به‌ڕێوەبه‌ری به‌شی راگه‌یاندن‌ و به‌بازاڕكردن له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تیی گه‌شتوگوزاری سلێمانی رایدەگەیەنێت کەرتی تایبەت دەتوانێت سلێمانی ئاوەدان بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد ئه‌مساڵ هاتنی گه‌شتیار بۆ شاری سلێمانی به‌ڕێژه‌یه‌كی باش بووه‌.

داسیار محه‌مه‌د حەمه‌ساڵح، به‌ڕێوەبه‌ری به‌شی راگه‌یاندن‌ و به‌بازاڕكردن له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تیی گه‌شتوگوزاری سلێمانی بە ماڵپەڕی بازرگانی‌ و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاند "ئه‌مساڵ هاتنی گه‌شتیار بۆ شاری سلێمانی به‌ڕێژه‌یه‌كی باش بووه‌ كە هەماهەنگییەكی تەواو لەنێوان گروپە گەشتیارییەكانی شاری سلێمانی‌و گروپە گەشتیارییەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عێراقدا هەبووەو دەتوانین بڵێین لەئاستی خواستی ئێمەدا بووە به‌ ره‌چاو كردنی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان".

ئاماژەی بەوەشکرد "نزیكه‌ی 90 هه‌زار گه‌شتیار له‌ڕۆژانی جه‌ژنی قورباندا سه‌ردانی شاری سلێمانیان كرد، له‌ 90%یان له‌ شاره‌كانی باشوورو ناوه‌ڕاستی عیراقه‌وه‌ هاتبوون، توانراوه‌ تاكو ئاستێكی باش پێشوازیان لێبكرێت‌ و خزمه‌تگوزاریان پێشه‌كه‌ش بكرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "له‌ هه‌موو وڵاتانی جیهان بابه‌تی كۆرۆنا كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری، ئێمه‌ وه‌كو به‌رێوبه‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سلێمانی ره‌چاوی ته‌واوی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانمان كردووە".

به‌ڕێوەبه‌ری به‌شی راگه‌یاندن‌ و به‌بازاڕكردن له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تیی گه‌شتوگوزاری سلێمانی باسی لەوەشکردووە "ئێمه‌ هاوكارین بۆ كه‌رتی تایبه‌ت‌ و داوا له‌بازرگانان‌ و سه‌رمایه‌داران ده‌كه‌ین بێنه‌ پێشه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌كیان بۆ ده‌كه‌ین له‌چوارچێوه‌ی یاساو رێنماییه‌كاندا، كه‌رتی تایبه‌ت‌ و خاوه‌نكاران ده‌توانن سلێمانی ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌".

س.س
Qaiwan
Qaiwan