راپۆرت

شێخ مەعشوق؛ مەلایەک کە رابەرایەتی نەتەوەکەی کرد دژ بە ستەم

مەودا میدیا - سلێمانی |


شێخ مەعشوق؛ مەلایەک کە رابەرایەتی نەتەوەکەی کرد دژ بە ستەم
مەودا میدیا-

شێخێکی نەقشبەندی کە رابەرایەتی گەلێکی بندەستی دەکرد، مامۆستایەکی ئایینی کە لە وتارەکانیدا هەستی نەتەوەیی بڵاودەکردەوە، پیاوێک کە لە پێناو نەتەوەکەیدا گیانی سپارد.

درووست لەوکاتەی زۆرێک لە پیاوە ئاینییەکان بووبوونە بەکرێگیراوی داگیرکەران، ئەو دەنگی بەرزکردەوە و وتی "ماف سەدەقە نییە حکومەت بمانداتێ، بەڵکو دەبێت بۆی بجەنگین".

شێخ محەمەد مەعشوق خەزنەوی، مامۆستایەکی ئایینی کە رابەرایەتی نەتەوەکەی کرد بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم.

شێخ مەعشوق ساڵی 1957 لە رۆژئاوای کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئاینپەروەر لەدایکبووە، خوێندنی شەریعەی ئیسلامیی تەواوکردووە و دواتریش رووی لە پاکستان کردووە و لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لە لێکۆڵینەوەی ئاینییدا بەدەستهێناوە.

پاشان گەڕاوەتەوە قامیشلۆ و لەوێ دەستی بە وتاردان و وانەوتنەوە کردووە، ساڵی 1992 باوکی شێخ مەعشوق کۆچی دوایی دەکات، لەوکاتەوە، ئەو جێگەی باوکی دەگرێتەوە و دەبێتە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز. 

 


وێنەی ئۆجەلان و وتارەکانی مەعشوق

شێخ مەعشوق بە پیاوێکی رۆشنبر و نەتەوەیی و کراوە دادەنرا، زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان سەردانیان کردووە، هەر دیپلۆماتکار و وەفدێکی بیانی سەردانی رۆژئاوایان بکردایە دەچوونە ماڵی مەعشوق و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرد.

پێگەی کۆمەڵایەتی و ئاینی شێخ مەعشوق تادەهات بەهێزتر دەبوو، لە وتارەکانیدا هانی گەنجانی دەدا بۆ خۆشویستنی نیشتمان و نەتەوەکەیان، داوای لێدەکردن دژی ستەم بوەستنەوە، ئەمە بەتەواوەتی رژێمی بەعسی سوریای نیگەران کردبوو، بەڵام بەهۆی پێگە بەهێزەکەیەوە نەیاندەتوانی رووبەرووی ببنەوە.

ئازاری ساڵی 2004 گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان راپەڕینیان ئەنجامدا، شێخ مەعشوق وەکو یەکێک لە رابەرانی راپەڕینەکە رۆڵی بینی، لە هەرشوێنێک دەردەکەوت گەنجان دوای دەکەوتن و درووشمیان بۆ دەوتەوە، لە هەر جێیەک وتاری دەدا، دەنگی هوتافی گەنجان و ئاڵای کوردستان و وێنەی ئۆجەلان ئاسمانی ناوچەکەی دەتەنی.

 


ماف سەدەقە نییە

لە ساڵیادی شەهید فەرهاد کە لەژێر ئەشکەنجەی رژێمدا گیانی لەدەستدابوو وتارێکی توندی پێشکەشکرد، بە دەنگی بەرز هاواریکرد "ماف سەدەقە نییە حکومەت بمانداتێ، بەڵکو دەبێت بۆی بجەنگین".

وردە وردە شێخ مەعشوق بوو بە رابەرێکی نارەزایەتی گەلی کورد لەو پارچەیەی کوردستان، هەموان چاویان لە دەمیی بوو بۆئەوەی ئاراستەیان بکات و پێیان بڵی چی بکەن، درووست لەوێدا حکومەتی سوریا هەستی بە مەترسییە گەورەکەی مەعشوق کرد.

لەپڕدا شێخ مەعشوق دیار نەما و رفێنرا، خۆپیشاندانی فراوان بۆ دیارکردنی چارەنووسی شێخ ئەنجامدرا و فشار خرایە سەر حکومەت، تا وای لێهات حکومەت ناچار بوو دان بە راستییەکەدا بنێت.

دەرکەوت دوای رفاندنی شێخ مەعشوق، هێزە ئەمنییەکان هێندەیان لێداوە تا لەهۆشچووە و نێردراوە بۆ نەخشاخانە و لەوێش گیانی لەدەستداوە، ئاواش کۆتایی بە ژیانی شێخە نەتەوەییەکەی کورد هات، بەڵام پەیام و وتار و بنەما باوەڕییەکانی مەعشوق تائێستاش بوونەتە پەند و ئامۆژگار، نەوە لە دوای نەوە دەستاودەستدەکرێن.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە