کوردستانی

كه‌جه‌كه: هیچ پەیوەندییەکمان بە تەقینەوەكەی قادیاوە نییە

مەودا میدیا - سلێمانی |


كه‌جه‌كه: هیچ پەیوەندییەکمان بە تەقینەوەكەی قادیاوە نییە
مەودا میدیا-

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رەتیدەکاتەوە پەیوەندییان بە تەقینەوەکەی کەمپی قادیای زاخۆوە هەبێت و دەشڵێت، شێوەی تەقینەوەکە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام درابێت، جەختیش دەکاتەوە کە پارتی پاکانە بۆ تاوانەکانی ئەنقەرە دەکات.

 کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە) لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە تەقینەوەیەک لە کەمپی قادیای زاخۆ کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی سێ کەسی دیکە رایگەیاند "بە وتەی هەموو شایەتحاڵان، شیوەی تەقینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا روون نەکراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "چەند بەرپرسێکی پارتی و ئیدارەی پارتی لە کەمپەکە، هەوڵیانداوە پەکەکە وەک بەرپرسیاری تەقینەوەکە پیشان بدەن، ئەم شێوازەی دەسەڵاتدارانی پارتی و هەوڵە ئاژاوەگێڕیەکانی، ئەو راستییە دەردەخات کە پارتی هەوڵ دەدات نەک بە تەنها وا پیشان بدات کە رووداوەکە پەیوەندی بە دەوڵەتی تورکیاوە نییە کە کاری هەمیشەییەتی، بەڵکو پاکانە بۆ کۆمەڵکوژییەکانی تورکیاش دەکات".

کەجەکە بە ئاماژەدان بەوەی دەستبەجی چەند بەرپرسێکی پارتی هەوڵیان داوە ئۆباڵی تەقینەوەکە بخەنە ئەستۆی پەکەکە، باسی لەوەکرد "ئەوە دەریدەخات کە ئەوان پێشوەخت ئاگاداری هێرشەکە بوون و جەختیشی کردووەتەوە، کە ئەو تەقینەوەیە پلانبۆداڕێژراوە".

ر. ر


Qaiwan
Qaiwan