کوردستانی

قایمقامییەتی سلێمانی بڕی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دیاریدەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


قایمقامییەتی سلێمانی بڕی بەرهەمە هاوردەكراوەكان دیاریدەکات
مەودا میدیا-

بەمەبەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیادنەبوونی نرخ، هاوردەی بەروبوومی ئاژه‌ڵی و په‌له‌وه‌ری دیاریدەكرێت و هاورده‌كردنی مریشك و هێلكه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كراوی ده‌مێنێته‌وه‌. 

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئەیلولی 2021 لە دیوانی قایمقامییەت، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا کۆبووەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبوومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچوونەوە بە بڕی ئەو بەروبووم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

لە دوای كۆبونەوەكەش نازم عەبدوڵڵا، سه‌رۆكی كێڵگه‌ په‌له‌وه‌ریه‌كانی پارێزگای سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی گه‌رمیان رایگه‌یاند "بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكراو، بڕیاردراوە بۆ مانگی ئەیلول رێگە بە هاوردەكردنی (600) تۆن ماسی و (200) تۆن گۆشتی سور و پێنج هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵی زیندوو ده‌درێت تا كەموكورتییەكان و خواستی بەكارهێنەرەكان و پێداویستی بازاڕ پڕبكاتەوە".

وتی "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە هاورده‌كردنی مریشك و هێلكه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كراوی بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌روبوومی ناوخۆ پێداویستی ناوخۆ پڕده‌كاته‌وه‌".

س.س
Qaiwan
Qaiwan