کوردستانی

تورکیا 60 کۆچبەری کوردی داوەتەدەست چەکدارانی بەرەی نوسرە لە سوریا

مەودا میدیا - سلێمانی |


تورکیا 60 کۆچبەری کوردی داوەتەدەست چەکدارانی بەرەی نوسرە لە سوریا
مەودا میدیا-

لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 60 کۆچبەری کورد لە وڵاتی تورکیا کاتێک ویستویانە بەرەو ئەوروپا بڕۆن لە کەناراوەکانی یۆنان و ئیتاڵیا لە لایەن پۆلیسی دەریاوانی تورکیاوە دەستگیرکراون، بۆ ئەوەی ئازادیان بکەن وتویانە خەڵکی سوریان و پۆلیسی تورکیاش دیپۆرتی سوریایان کردوونەتەوە و ئێستا لە هۆتێلێکدان لەلای چەکدارانی بەرەی نوسرە لە سوریا دەست بەسەرن.

سەبارەت بە بارودۆخ و چارەنوسی ئەو کۆچبەرانە ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە مەودا میدیای راگەیاند "پەنابەرەکان سەرجەمیان کوردن و لە ئێستادا لە ئەعزازن لە سوریا لە ژێر دەسەڵاتی چەکدارانی بەرەی نوسرەدان و لە هۆتێلێکدا دەستبەسەرکراون و رێگەیان پێنادرێت بچنەدەرەوە یان بگەڕینەوە بۆ کوردستان، بەڵام هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد "دوای ئەوەی پەیوەندیان پێوەکردوین و زانیاریمان لەسەریان وەرگرتووە راستەوخۆ زانیارییەکانمان ناردووە بۆ کونسوڵخانەی عیراق لە تورکیا بەمەبەستی هاوکاری کردنیان و دووبارە گێڕانەوەیان بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ باشوری کوردستان، و لە ئیستادا لەهەوڵداین لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عیراق بۆ دروستکردنی جەوازمرور بۆ ئەوەی بگەڕیندرێنەوە تورکیا و لەوێشەوە بۆ هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستەڕوو "بەرداوام لەگەڵ بەشێک لە کۆچبەرەکان لە پەیوەندیدایە و ژیانیان پارێزراوە و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە، تەنها ئەوەی ناتوانن لەو هۆتێلە بێنەدەرەوە و جموجۆڵ بکەن یان بیانەوێت خۆیان بگەیەننە شار و شارۆچکە کوردییەکانی رۆژئاوا و دواتر لەوێوە بگەڕێنەوە باشوری کوردستان".

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan