کوردستانی

قوباد تاڵەبانی: دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ بازرگانان دەڕەخسێنین

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی: دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ بازرگانان دەڕەخسێنین
مەودا میدیا-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەی کۆگاکردنی خۆراکی سلێمانی بەسەرکردەوە و رایگەیاند، حکومەت پلانی پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنانی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستییان بە ئاسایش، ئارامی و هەماهەنگی  لەنێوان دامەزراوەکان هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دووی ئابی 2021 لە میانی بەسەرکردنەوەی پرۆژەی کۆمەڵگەی کۆگاکردنی خۆراکی سلێمانی ناسراو بە (بیست بیست) قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆژەکەوە ئاماژەی بەوەکرد "ساڵی 2018 کە بەردی بناغەی پڕۆژەکە دانرا دڵنیابوون کە سودێکی گرنگی بۆ بەگەڕخستنی جوڵەی بازرگانی دەبێت بۆ پارێزگای سلێمانی و دەمانەوێت دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ بازرگانان بڕەخسێنین، بەوپێیەی زۆرترین خاڵی سنوری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەیە، ئێستاش کە زۆرینەی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە دڵخۆشن و کاردەکەن بۆ لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم تەواوکردنی پرۆژەکە.

باسی لەوەشكرد "پڕۆژەکە لەچەندین کۆگای گەورە پێکهاتوە و سلێمانی دەکات بۆ ناوەندێکی گرنگی جوڵەی بازرگانی، ئەوە جگەلەوەی هەزاران هەلی کاری بۆ کرێکارانی ناوخۆ رەخساندووە".

سەبارەت بە نرخی بەنزینیش جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "هەرچەندە نرخی بەنزینی هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی لەم کاتەدا پەیوەندی هەیە بە گرانبوونی نرخەکەی لە وڵاتانی دراوسێی کە زۆرینەی بەنزینی ناوخۆ لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکرێت، بەڵام حکومەت هەوڵەکانی بۆ سەر لە نوێ رێکخستنەوەی نرخی سوتەمەنی دەستپێکرد و لەگەڵ کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکەن".

ر. ر

Qaiwan
Qaiwan