کوردستانی

داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت چی دیکە ئەم بڕە پارەیە نەدەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت چی دیکە ئەم بڕە پارەیە نەدەن
مەودا میدیا-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردسیتان داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە پارەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو نەدەن و بەهۆی ئەوەی سزاکە هیچ پاڵپشتێکی یاسایی نییە.

عومه‌ر گوڵپى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی "سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو پاڵپشتە بەڕێنمایی‌ ژمارە (1)ی‌ ساڵی‌ (2018) ئەویش پشتی‌ بەماددەیەکی‌ یاسایی‌ بەستووە کە بریتیە لەبڕگەی‌ (سێیەم)ی‌ مادەی‌ (حەوتەم)ی‌ یاسای‌ ژمارە (12)ی‌ ساڵی‌ (2010)ی‌ تایبەت بەهەیکەلی‌ وەزارەتی‌ شارەوانی‌ کە یاسایەکی‌ گشتیەو بەهیچ جۆرێک ناچێتە بواری‌ بابەتی‌ سەرپێچییەکان و لەبەرامبەردا پەرلەمان بەژمارە (4)ی‌ ساڵی‌ (2021) یاسای‌ پاراستنی‌ پڕۆژە و تۆڕەکانی‌ ئاو و ئاوەڕۆى لە هەرێم دەکردوە کە یاسایەکی‌ تایبەتمەندە بەسەرپێچییەکان‌ و هەموو کەلێنەکانی‌ ئەو بوارەی‌ پڕکردووتەوە".

ئەوەشی خستووتەڕوو "لەکاتی‌ گفتوگۆی‌ یاساکەدا، سەرجەم ئەندامانی‌ پەرلەمان هاوڕابوون لەسەر لابردنی‌ مادەی‌ پەیوەست بەپێوەری‌ ئاو سزاكانى، ئەوەش بەهۆی‌ خراپی‌ پرۆسەکەو کەم‌ و کورتییەکانی‌‌ و نەگونجانی‌ لەگەڵ دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ هاوڵاتییان لەژمارەیەک شارو شارۆچکە".

هاوکات داوا لە هاوڵاتییان دەکات "کە سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نییە بەیاسا، بێجگە لەو تێبینی‌‌ و کەمو کورتیانەى لەپرۆسەکەدا هەیە، تا ئەوکاتەی‌ حکومەت یاسای‌ ژمارە (4)ی‌ ساڵی‌ (2021) جێبەجێدەکات کە یاسایەکە تازە دەرچوەو پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان رێنمایی‌ نوێی‌ بۆ دەربکەن بۆ جێبەجێکردنى، هەروەها لەکاتى دەرکردنى رێنماییشدا پێویستە رەچاوی‌ تێبینی‌‌ و کەمو کورتیەکانی‌ پێوەرەکەو سکاڵاى هاوڵاتییان بکرێت، هەروەها رەچاوى دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ ژمارەیەک شارو شارۆچکە بکرێت".

هاوکات داواى ئه‌وه‌شده‌كات "سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌ و وەزارەتی‌ شارەوانی‌‌ و گەشت‌و گوزار، کارکردن بەڕێنماییەکە رابگرن‌ و سزای‌ هیچ هاووڵاتییەک نەدەن بەو هۆیەوە، هەروەها فەرمانگە پەیوەندیدارەکان راسپێرن بەوەڵامدانەوەى کێشە و گرفتەکانى پرۆسەى پێوەرى ئاو کێشەکانى‌و خواستى هاوڵاتییانەوە".

ر. ر

Qaiwan
Qaiwan