کوردستانی

"کار بۆ ئەوەدەکەین لە هەڵبژاردنەکانی عیراق شەش کورسی لە کەرکوک بەدەستبهێنین"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"کار بۆ ئەوەدەکەین لە هەڵبژاردنەکانی عیراق شەش کورسی لە کەرکوک بەدەستبهێنین"
مەودا میدیا-

لە بارەی ئامادەکارییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە کەرکوک بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا پڕۆسەی بانگەشە بەشێوەیەکی هێمنانە دەستی پێکردووە، بەڵام پلانمان هەیە لە 10ی مانگەوە بەشێوەیەکی چڕوپڕ و بەرفراوان دەست بە بانگەش بکەین.

ئەمڕۆ شەممە چواری ئەیلولی 2021 عەلی قەڵایی، بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا لیستی هاوپەیمانیی کوردستان دەستیکردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی هێمنانە و لەسەرخۆ  بەڕێوە دەچێت، بەڵام  پلانمان هەیە لە 10ی مانگەوە بەشێوەیەکی چڕوپڕ و بەرفراوان دەست بە بانگەش بکەین و ئامانجی یەکێتی بەدەستهێنانی شەش کورسییە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پارێزگای کەرکوک".

روونیشیکردەوە "ژمارەی کورسییەکانی شاری کەرکوک 12 کورسییە و بە کورسییەکی کۆتاکانەوە دەبێتە 13 کورسی و دەنگی کورد لە کەرکوک  شەش کورسییە و کورسییەکانی دیکە بۆ لایەنەکانی دیکەیە، بەڵام هەندێک جار کە لە  رابردوودا لە شەش کورسی زیاترمان هێناوە هۆکارەکەی ئەوەبووە، رێژەی بەشداریی تورکمان و عەرەب کەمتربووە یان کورد باشتر کاری بە تەکنیکی هەڵبژاردن کردووە".
 
ئاماژەی بەوەشكرد "لە ئیستادا ئەوەی لە کەرکوک دەگوزەرێت قبوڵکردنی قورسە و هیوادارین کورد دەنگی باش بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەهێزتر بچیینە دانوستانەکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و لە رووی ئیداریشەوە پێگەی کورد بەهێزترببێت، و کورد لە و دۆخە سەپێندراوە دەربازی بێت کە ئێستا هەیە لە شارەکەدا".

ر. ر
 
Qaiwan
Qaiwan