راپۆرت

تیگران؛ ئەو هەنەرمەندە ئەرمەنەی 250 گۆرانیی کوردی تۆمارکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


تیگران؛ ئەو هەنەرمەندە ئەرمەنەی 250 گۆرانیی کوردی تۆمارکرد
مەودا میدیا-

لە دایک و باوکێکی ئەرمەن لەدایکبووە، بەڵام 250 گۆرانی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە، ئەو هونەرمەندە ئەرمەنەی کە بە کوردی گۆرانی دەوت و حکومەتی تورکیا تەنانەت لە گۆڕەکەشی دەترسا.

ئارام تیگران، دەنگی وەفادارێک کە بە ئاوازەکانی تینوێتی گەرووی کوردانی دەشکاند.

شەڤ چوو

ئەو سەرەتا بە گۆرانی "شەڤ چوو" دەستیپێکرد، لە ئاهەنگ و خۆشییەکاندا بە دەنگە نەرمەکەی دڵی هەمووانی پڕ لە ئەوین دەکرد، کاتێکش لە نەهامەتییەکدا دەنگی دەبیسترا، حەسرەت و ئازار دەبوون بە پێناسەی هونەرەکەی، خۆ ئەگەر لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا گۆرانیی وتبا ئەوا دڵی هەمووانی پڕ لە سۆزی وڵات دەکرد. 

تیگران ساڵی 1934 لە قامیشلۆ لەدایکبووە، دایک و باوکی ئارام لە ئەرمەنەکانی دانیشتووی دیاربەکر بوون، بەڵام بۆ خۆدەربازکردن لە کۆمەڵکوژی ئەرمەن بەدەستی تورکەکان، بەرەو رۆژئاوای کوردستان هەڵهاتوون.

لەکاتی حەشاردان و دەربازبووندا، خێزانێکی کورد هاوکاری باوکی ئارام دەبن، چەندین ساڵ پەنای دەدەن و پاشانیش دەیگەیەننە شوێنی پارێزراو لە رۆژئاوا، ئەو هاوکارییەی کە خێزانە کوردەکە پێشکەشی باوکی ئارامیان کردبوو، بوو بە هۆکار بۆئەوەی باوکی هانی ئارام تیگران بدات بۆ خزمەتکردن بە هونەری کوردی. 

سەرەتا ئارام دەچێتە لای وەستایەکی درووستکردنی جەمبووش، لەوێ فێری ژەنینی ئامێری جەمبووش دەبێت، ئارام دەست دەکات بە ژەنینی میوزیک و وتنی گۆرانی. 

یەکەمین ئاواز کە دایناوە و کردوویەتی بە گۆرانی و بڵاویکردووەتەوە گۆرانی "شەڤ چوو" بووە، ئارام تیگران لە گەنجییدا لە ئاهەنگ و یانەکانی قامیشلۆ دەچووە سەر سەکۆکە و گۆرانیی و میوزیکی پێشکەش دەکرد.

لەوێوە کاروانی هونەرێک دەستی پێکرد کە بەرهەمەکەی زیاتر لە 500 گۆرانیی بە چوار زمانی جیاواز بوو.

تیگران و رادیۆی یەریڤان

ئارام تیگران ساڵی 1966 رۆژئاوای کوردستان بەرەو ئەرمەنستان بەجێدەهێڵیت، بەڵام ئاواش هەر دڵی لەلای هونەری کوردییە.

لەوێ لە رادیۆی یەریڤان لە بەشی کوردی دەستبەکاردەبێت، 18 ساڵ لەو رادیۆیە کاردەکات و رۆژانە گۆرانی و میوزیکی کوردی پێشکەش دەکات.

ئارام تیگران لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "باوکم داوای لێکردم بە کوردی گۆرانی بڵێم، پێی وتم ئەگەر ئازایەتی کوردەکان نەبوایە ئەوا من و خوشک و براکانم لە ژیاندا نەدەبووین، بۆیە تا دەتوانی خزمەت بە کوردەکان بکە".

لە تەرمەکەشی دەترسان

ساڵی 2009 ئارام تیگران لە بەلجیکا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گیان لەدەستدەدات، ئەو وەسێتی کردبوو کە لە ئامەد یان قامیشلۆ بینێژن، بەڵام هەردوو حکومەتی تورکیا و سوریا رێگەیان بە گەڕانەوەی تەرمی ئارام تیگران بۆ ئەو دوو وڵاتە نەدا، بە ناچاری لە بەلژیکا بەخاکسپێردرا.

بۆ ساڵیادی گیانلەدەستدانیشی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان چەند چالاکوانێک بەنیازبوون مەراسیمێک سازبکەن، بەڵام حکومەتی ئێران رێگربوو لەو مەراسیمە.

ئەمە چیرۆکی ژیان و مردنی هونەرمەندێکە کە بە گۆرانییەکانی گەورەترین خزمەتی بە هونەری کوردی کردووە.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد