کوردستانی
هەپەگە: پارتی حەوت گەریلای ئێمەی شەهیدکرد
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
هەپەگە شەهیدبوونی حەوت گەریلای بە دەستی هێزەکانی پارتی راگەیاند و ئاشکراشی دەکات کە گەریلاکان کەوتوونەتە بۆسەی پێشمەرگەی پارتییەوە.
ناوەندی راگەیاندن هەپەگە لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو "بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون".
ئاماژە بەوەشکراوە "چەکدارانی پەدەکە، بە شیوازێکی نامەردانە بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردووە، ئەم کردەوە قیزەونە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نییە".
"ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی پەدەکە، هێزەکانیان لە نزیک گەریلاکانمان جێگیردەکەن و بە پێداگرییەوە شەڕمان پێدەدەفرۆشن، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلەکەمان، ئەوانمان نەکردووەتە ئامانج، ئێستاش هەر ئەوان خائینانە بۆسە بۆ هەڤاڵانمان دادەنێن و شەهیدیان دەکەن، بەمشێوەیەش شەڕێکی تاکلایەنەیان دژی ئێمە ڕاگەیاندووە" لە راگەیەنراوەکەی هەپەگەدا ئەمە هاتووە.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو حزبی کوردیی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار بە شێوەی چەکداری رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە و کوژراو و بریندار لەهەردوو لا هەبووە.
ب.م
بیروڕا



