راپۆرت

مانی؛ ئەو پێغەمبەرەی بانگەشەی بۆ خۆکوشتن دەکرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


مانی؛ ئەو پێغەمبەرەی بانگەشەی بۆ خۆکوشتن دەکرد
مەودا میدیا-

مانی... ئەو پیاوەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکرد، پێغەمبەرێک کە لەسەر باوەڕەکەی هەڵواسرا و پێستی لێکرایەوە، کەلەی سەری پڕکرا لە کا و بە دەروازەی شاردا هەڵواسرا.

ساڵی 215ی زاینی، لە شاری هەمەدانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک بە ناوی مانی لەدایک دەبێت، ئەو کەسە دواتر دەبێت بە رابەری ئاینێکی نوێ.

بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو پێغەمبەرێکە، کە لە ئینجیلدا مژدەی هاتنی بە مەسیحییەکان دراوە، باوکی مانی لەسەر ئاینی موغتەسیلە بووە، پەیرەوانی ئەو ئاینە بەردەوام لە نزیک رووبار و دەریاکان نیشتەجێبوون، چوونکە بەردەوام دەبوو خۆیان بشۆن.

مانی لەگەڵ باوکی بەرەو بابل سەفەر دەکات، لە گەنجییدا دەست بە بانگەشە بۆ ئاینە نوێکەی خۆی دەکات، ئاینێک کە بەناوی خۆی ناونرا و لەسەریشی لەسێدارە درا.

ئاینی مانییەت، تێکەڵەیەک بوو لە ئاینەکانی؛ زەردەشت، مەسیح و موغتەسیلە، تەنها هەندێک جیاوازی بنەڕەتی لەگەڵ ئەوانەدا هەبوو.

مانیی پێی وابوو کۆی سروشت بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەی چاکە و بەرەی خراپە، لەمەدا لەگەڵ زەردەشتییەکاندا تەبا بوو، بەڵام بەپێچەوانەی زەردەشتییەکانەوە، مانی پێی وابوو هێزی شەڕ و خراپە بەسەر هێزی چاکەدا سەردەکەوێت.

بانگەشەی بۆئەوە دەکرد کە دەبێت خەڵک بەدەستی خۆی کۆتایی بە ژیان بهێنێت بۆئەوەی شکست بە هێزی خراپەکاری بێت، پێی وابوو دەبێت کوڕ و کچان هاوسەرگیری نەکەن، منداڵ دروست نەبێت، بەوەش لەماوەی کەمتر لە سەدەیەکدا هەموو شتێک کۆتایی دێت.

لەسەر بیر و باوەرەکانی، چەندین جار لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی مادەوە سزادراوە و دورخراوەتەوە، مانی بۆ بڵاوکردنەوەی ئاینەکەی، بەردەوام گەشتی دەکرد و نامەی تایبەتی بۆ دەسەڵاتداران و کەسانی خاوەن پێگە ناردووە.

لەگەڵ شوێنکەوتوانی هەردوو ئاینی مەسیحی و زەردەشتی ناکۆکی گەورەی هەبووە، پیاوانی ئاینی زەردەشتی، داوایانکرد گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ مانی بکەن، مانی داواکەی پەسەند کرد و کەوتە گفتوگۆ لەگەڵیان.

سەرکەوتنی چاکە یان خراپە، بوو بە تەوەری گفتوگۆ، مانی بەتەنها خۆی پێی وابوو خراپە بەسەر چاکەدا سەردەکەوێت، هەموو پیاوانی ئاینیی زەردەشتیش پێچەوانەکەیان پێ راست بوو.

یەکێک لە پیاوانی ئاینی زەردەشت هەستایە سەر پێ و بە دەنگی بەرز وتی "بێگوومان چاکە بەسەر خراپەدا سەردەکەوێت، ئێستا ئێمە ئەوە دەسەلمێنین و سەرت لە جەستەت لێ دەکەینەوە بۆئەوەی بزانیت کە چاکە سەردەکەوێت".

مانی لە دار درا..... پێستی لە جەستەی جیاکرایەوە، سەری لە لەشی لێکرایەوە و ناوەکەی هەڵکۆڵرا و پڕکرا لە کا و بە دەروازەی شاری "جوندساپور"دا هەڵواسرا. 

بەمەش کۆتایی بە چیرۆکی رابەرێکی ئاینی هات، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد مرۆڤ دەبێت بەدەستی خۆی کۆتایی بە تراژیدیای ژیان بهێنێت.

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن