ئابووری

بۆچی زێڕ گرنگە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆچی زێڕ گرنگە؟
مەودا میدیا-

وڵاتانی جیهان زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی سامان و ژێرخانی ئابوورییان لەکاتی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییانەی روو لە وڵاتەکانیان دەکات بەکاردەهێنن و پشتی پێدەبەستن، هەربۆیە زێڕ یەکێکە لەو مادە گران بەهایانەی بەردەوام نرخەکەی ناجێگیرە لە بۆرسەی جیهانیدا.

عیزەت سابیر، ئابووریی ناس لەسەر بایەخ و گرنگی زێڕ بە مەودا میدیای راگەیاند "زێڕ یەکێکە لە مادە دەگمەن و گرانبەهاکان لە جیهاندا و هەر وڵاتێک یەدەگی زێڕی بەهێزبێت خاوەن ژێرخانێکی ئابووریی بەهێزدەبێت و دەتوانێت بەرگەی زۆرێک لەو قەیرانە داراییانە بگرێت کە ساڵانە روو لە وڵاتانی جیهان دەکات".

سەبارەت بە جێگرەوەیک بۆ زێڕ ئاماژەی بەوەکرد "هەرچەندە لە ئێستادا بەدەستهێنانی زێڕ تێچویەکی زۆرتری دەوێت بە بەراورد بە سەدەکانی رابردوو، بەڵام تا ئێستا زێڕ لە پلەی یەکەمی ئەو مادانەدایە کە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی پشتی پێدەبەسترێت، وتیشی، زۆر مادەی دیکە هەن نرخ و بەهایەکی زیاتر لە زێڕیان هەیە وەک ئەڵماس و چەند مادەیەکی دیکە، بەڵام بەهۆی تێچوی زۆر و گران بەدەستهێنانیان ناتوانن جێگەی زێڕبگرنەوە".

یەدەگی زێڕی وڵاتانی جیهان زیاتر لە 35 هەزار تۆنە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە خاوەن یەدەگێکی زۆری زێڕن توانیویانە کۆنترۆڵی ئابووریی جیهان بگرنەدەست بۆ نموونە ئەمەریكا پلەی یەكەمی گرتووە لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین زێڕیان هەیە و خاوەنی 8 هەزار و 133.5 تۆن زێڕە .

ر. ر





Qaiwan
Qaiwan