راپۆرت
چەلەبی؛ خەڵەتێنەری ئەمەریکا یا هەڵگیرسێنەری شەڕی تائیفی
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
خەڵەتێنەری ئەمەریکا، هەڵگیرسێنەری شەڕی تائیفی یان پیاوی سپیکەرەوە پارە و تاڵانکەری خەزێنە، ئەحمەد چەلەبی، پیاوە ئاڵۆزەکەی عیراق.
خەڵەتێنەری ئەمەریکا، هەڵگیرسێنەری شەڕی تائیفی یان پیاوی سپیکەرەوە پارە و تاڵانکەری خەزێنە، ئەحمەد چەلەبی، پیاوە ئاڵۆزەکەی عیراق.
ئەحمەد چەلەبی ساڵی 1944 لە خێزانێکی دەوڵەمەندی شیعە لەدایکبووە، باوکی و باپیری، لەسەردەمی حوکمی پاشایەتی لە عیراق چەندین پۆستی باڵایان هەبووە.
دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی چەلەبی و بنەماڵەکەی عیراقیان بەرەو ئوردن بەجێهێشت، ئەحمەد چەلەبی لەوێ خوێندی و پاشانیش رووی لە ئەوروپا کرد و بروانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری بیرکاریدا بەدەستهێنا.
دواتریش رووی لە ئەمەریکا کرد و ماستەر و دکتۆرای لە هەمان بواردا خوێند، پاشان رووی لە ئوردن کردەوە و لەوێ بانکێکی دامەزراند و دوای ماوەیەک مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و سێ ملیۆن دۆلاری لەگەڵ خۆی برد و بەرەو ئەمەریکا هەڵهات.
لەوێ بەو پارەیەی کە بەدەستهێنابوو دەستی بە کارکردن بۆ درووستکردنی لۆبی بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس کرد، کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی دامەزراند و دەیویست هەموو ناڕازییەکانی عێراق کۆبکاتەوە.
چەلەبی و کێشەی کورد
ئەحمەد چەلەبی سەرسام بوو بە کەسایەتی و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی، پێی وابوو ناوبراو بە شۆڕشەکەی توانیویەتی خزمەت بە کێشەی کورد لە ناوچەکەدا بکات.
چەلەبی ساڵی 1992 لە ئەوروپا گەڕایەوە و لە هەولێر نیشتەجێ بوو تا ساڵی 1996 لەوێ مایەوە و دواتر رووی لە ئەمەریکا کرد، سەربەخۆیی بە مافی رەوای گەلی کورد دەزانی.
چەلەبی و خەڵەتاندنی ئەمەریکیەکان
ماوەی نزیکەی 30 ساڵی تەمەنی، ئەحمەد چەلەبی هەوڵی ئەوەیدا ئەمەریکا رازی بکات بەوەی رێگەی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەدام بهێنێت.
چەندین هەوڵی دا و سەرکەوتوو نەبوو، دواجار پلانەکەی چەلەبی سەریگرت، چەندین بەڵگەی دا بە ئەمەریکییەکان کە گوایا سەدام حسێن هەردوو چەکی کیمیاوی و ئەتۆمیی هەیە.
ئەمەریکییەکان باوەڕیان بە بەڵگەکانی چەلەبی کرد و پرۆسەی ئازادی عیراق جێبەجێ کرا، بەڵام هیچکات ئەمەریکا دەستی بەو چەکانە نەگەیشت کە چەلەبی دەیوت عیراق هەیەتی.
چەند بەڵگەنامەیەکی ویکیلیکس دەریانخست کە ئەحمەد چەلەبی کاری بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی کردووە.
چەلەبی و شەڕی تائیفی لە عیراق
کاتێک باس لە شەڕی تائیفی نێوان سوننە، شیعە و کورد دەکرێت، راستەوخۆ دەبێت باس لە رۆڵی ئەحمەد چەلەبی بکرێت، چوونکە ئەو بوو ماڵی شیعەی لە عیراق دامەزراند و پەیوەندی سیاسیی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران بۆ درووستکردن.
دواتریش ئەو پۆستانەی کە وەریدەگرتن دەیقسۆتنەوە بۆ خۆشکردنی ئاگری ئەو شەڕە، تەنانەت هەندێک لە چاودێران، ئەحمەد چەلەبی بە هەڵگیرسێنەری شەڕی تائیفی لە عیراق ناودەبەن.
مردنە گوماناویەکەی چەلەبی
ساڵی 2015 ئەحمەد چەلەبی کە ئەوکات سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بوو لەناکاو بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا، تەندرووستی چەلەبی لەوپەڕی باشیدا بوو، بۆیە گومانی گەورە خرایە سەر مردنەکەی.
هەندێک پێیان وابوو کە چەلەبی لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە ژەهرخوارد کراوە چوونکە کاری هەواڵگری لەگەڵکردوون و چیتر کاریان پێی نەماوە و نایانەوێت زانیارییەکانیان ئاشکرا بکات.
هەندێکیش پەنجەی تۆمەتیان بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق رادەکێشا، چوونکە چەلەبی بەردەوام هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی لێیان دەکرد.
ئەو بە هەرچی مردبێت، ژیانی بوو بە چیرۆکێکی کۆتاییهاتوو، چیرۆکێک کە کەس نازانێت پاڵەوانەکەی کێیە؛ تاڵانچی، سیخوڕێکی ئەمەریکی، یان سیاسییەکی نیشتمانپەروەر.