کوردستانی

"دەبێت لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردندا بە جۆرێک مامەڵە بکەن کە کورسی کورد نەفەوتێت"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"دەبێت لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردندا بە جۆرێک مامەڵە بکەن کە کورسی کورد نەفەوتێت"
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیەنێت پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی گزیکارییەکانی پێشووەوە ئەو گرنگی و بایەخەی لەپێش چاوی خەڵک نەماوە، ئاماژە بەوەشدەکات کورد ئەوندەی خەمی بابەتە حزبییەکانیەتی خەمی پرسی نەتەوەیی نییە.

د. فاتیح سەنگاوی، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "هەڵبژاردن لە عیراق و هەرێمی کوردستان ئەو ناوەرۆکە کردارییەی نەماوە کە لە هەڵبژاردندا هەیە".

باسی لەوەشکرد "لە زۆربەی ناوچەکان هەڵبژاردن بەهۆی گزیکارییەکانی پێشووەوە ئەو گرنگی و بایەخەی لەپێش چاوی خەڵک نەماوە و هەندێجاریش بەهۆی دەستوەردانی دەرەوەی پەرلەمانەوە لە ناوەڕۆک خاڵی کراوەتەوە، بەڵام ناشکرێت واز لە پرۆسەی هەڵبژاردن بهێنرێت، دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە زۆرترین قورسایی بنوێنێت و بەرەو باشتر ببرێت".

بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و راپرسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد "بوونی کورد لە هەڵبژاردندا رێژەی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، ئەوەی ماوەتەوە ناوچە جێناکۆکەکان دەبێت لایەنە کوردییەکان بە جۆرێک مامەڵە بکەن کە کورسی کورد نەفەوتێت بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە زۆر تێکەڵن".

د. فاتیح سەنگاوی سەبارەی بە یەکبوونی کورد روونیشیکردەوە "ئەزموونی رابردوومان ئەوەی سەلماندووە کورد ئەوندەی خەمی بابەتە حزبییەکانیەتی خەمی پرسی نەتەوەیی نییە".

لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەوە وتی "لەئێستادا هیچ ئەگەرێک نابینم بۆ دواخستنی کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەرچەندە لە سیاسەتدا ئەو کارە ئەستەم نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئامادەسازیانەی دەکرێت و گەڕانەوەی سەدر چەندین هۆکاری دیکە ئاماژەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت".

بڕیارە لە 10ی 10ی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، لەئێستاشدا لایەنە سیاسییەکان دەستیانکردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش بەشێکی زۆری ئامادەکارییەکانی کردووە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan