کوردستانی

لە سلێمانی ژن و مێردێک بەم شێوەیە فێڵیان لە خەڵک کردووە و دواتر رایانکردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە سلێمانی ژن و مێردێک بەم شێوەیە فێڵیان لە خەڵک کردووە و دواتر رایانکردووە
مەودا میدیا-

ژن و مێردێک لە شاری سلێمانی بە ناوی کردنەوەی کۆمپانیایەک پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە، پێیان وتوون مانگانە قازانجیان پێدەدەینەوە، بەڵام لە پڕ دیارنامێنن، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە ئەو ژن و مێردە شارەکەیان جێهێشتووە و هیچ ئاسەوارێکیان نییە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئەیلولی 2021 سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند"ئەو ژن و مێردە دوای ئەوەی کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان دادەمەزرێنن، بەمەبەستی پێدانی قازانجی باش پارە لە کۆمەڵێک خەڵک وەردەگرن و دواتر دیارنامێنن، وتیشی، چەند رۆژێکە ئەو ژن و مێردە سلێمانی یان جێهێشتووە و چوونەتە دەرەوەی وڵات، بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 456 فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە".
 
ئەوەشی روونکردەوە "کە خەڵکەکە بە رەزامەندی خۆیان پارەیان پێداون و ویستویانە قازانجێکی باش وەربگرنەوە،  تاوەکو ئێستا چوار کەس سکاڵایان لەسەر ئەو ژن و مێردە تۆمارکردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک پێویست نەخراوەتەڕوو و نازانرێت بڕی ئەو پارەیە کە بردوویانە چەندە".
 
لە ماوەی رابردوودا چەندین کەس لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە و لەبەرامبەردا بەڵێنی پێدانی قازانجی زۆریان پێداون و لە کۆتاییشدا رایانکردووە.

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan