کوردستانی

ئاژانسی پاراستن و زانیاری: تاوانبارەکە دەستگیرکرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


 ئاژانسی پاراستن و زانیاری: تاوانبارەکە دەستگیرکرا
مەودا میدیا-

سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوانبارى تاوانەکانى چەند رۆژی رابردوو دەستگیرکرا و راپێچى بەردەم یاسایان کردووە، بەزوترین کات بەڵگە و دانپێدانان دەخەینە بەردەم راى گشتى.

ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نووسیویەتی "تاوانبارى تاوانەکانى چەند رۆژی رابردوو دەستگیرکرا و راپێچى بەردەم یاسامان کرد، بەزوترین کات بەڵگە و دانپێدانان دەخەینە بەردەم راى گشتى".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ریسوایى بۆ تێکدەرانى ناوماڵى کورد، دەستخۆشی بۆ شێرەکوڕانی ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس".

دوێنێ (شوکری سەرحەد) ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە)، لە گەڕەکی چوارچرا لە سلێمانی لەلایەن کەسێکی نەناسراوە تەقەی لێکراوە و کوژرا و رۆژێك پێشتریش لایەنگرێكی دیكەی پەكەكە بەناوی (فەرهاد بارش) کرایە ئامانج و بریندارکرا.

هەر دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت "سەبارەت بە رووداوە نەخوازراوەکانی 48 کاتژمێری رابردووی شاری سلێمانی، پاڵپشت بە دۆکۆمێنت و زانیاریی تایبەت سەرەداوی وردمان دەربارەی ئەو رووداوانە دەستکەوتووە".

دڵنیایش دەداتە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی کە پاش یەکلاییکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەی بەڵگەکان ئەنجامەکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.

جەختدەکاتەوە، کە شاری سلێمانی هەمیشە وەک لانکەی فرەدەنگی و ئارامی دەمێنێتەوە و دەڵێت "هیچ پیلانگێڕییەک سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکانی بەلاڕێدا نابات".

ر. ر





Qaiwan
Qaiwan