کوردستانی

بەربژێرێک: بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەربژێرێک: بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

کاندیدێکی یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت دەبوو لە ناوچە دابڕێنراوەکان کورد هاوکار و پشتیوان بوونایە بۆی زۆرترین نوێنەر کورد بنێرنە بەغدا، هیوادارییشە هەڵبژاردنی ئەمجارە دووربێت لە دەست تیوەردانی لایەنەکان.

دارا سێکانیانی، کاندیدی یەگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بازنەی یەکی سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "پرۆسەی هەڵبژاردن پرۆسەیەکە بەرهەمی ئەقڵی مرۆڤە پێمان وایە هەڵبژاردن هەمیشە باشە و هۆکارێکە بۆ گۆڕانکاری، لەئێستاشدا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی جێگەی تێڕامانە لە خولەکانی پێشوودا لە پرۆسەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا ئەو بەڵێنەی بە هاوڵاتییان دەدرا کە هەڵبژاردنەکان شەفاف بێت و دووربێت لە دەست تێوەردانی لایەنەکان جێبەجێ نەدەکرا، بۆیە هیوادارین هەڵبژاردنی ئەمجارە دووربێت لەو گومانانە بە تایبەت کە شێوازی ئەمجارە فرە سیستمییە، دەنگ نادرێت بە لایەنێکی دیاریکراو، بەڵکو دەنگ دەدرێت بە کاندیدێکی دیاریکراو".

ئەو کاندیدەی یەکگرتوو باسی لەوەشکرد "ئەوەی گرنگە چۆن بتوانین بە هەموومان وابکەین هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن".

لەبارەی ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستانەوە وتی "دەبوو لە ناوچە دابڕێنراوەکان کورد هاوکار و پشتیوان بوونایە بۆی زۆرترین نوێنەر کورد بنێرنە بەغدا، بەڵام بەداخەوە پەرتەوازەیی کورد لەو ناوچانە دووبارە بێ متمانەیی دروست دەکات لای هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەمووان داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی کورد بکەین لە بەغدا".

بڕیارە لە 10ی 10ی 2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، لەئێستاشدا لایەنە سیاسییەکان دەستیانکردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقیش بەشێکی زۆری ئامادەکارییەکانی کردووە.

س.س
Qaiwan
Qaiwan