کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: یەكێتی وەك هێزێكی بەرپرسیار بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: یەكێتی وەك هێزێكی بەرپرسیار بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
مەودا میدیا-

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بیستەمین ساڵیادی كارەساتی خێڵی حەمەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت یەكێتی وەك هێزێكی بەرپرسیار لە ئاست وڵات و میللەتە سەربەرزەكەمان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ یادی پۆلێك شەهیدی قارەمان و تێكۆشەر دەكەینەوە كە دوور لە هەموو بەهایەكی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤانە بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لەلایەن تیرۆریستانی جند الاسلام و انصار الاسلامەوە بەدیل گیران، شەهیدكران و تەرمەكانیان شێوێندرا".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەمڕۆ لەیادی ئەو كارەساتەی بەرامبەر گەلەكەمان و یەكێتی ئەنجامدرا، دووپاتی دەكەینەوە كە یەكێتی وەك هێزێكی بەرپرسیار لە ئاست وڵات و میللەتە سەربەرزەكەمان بەردەوام دەبێت لەپاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر، لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆرمان داوە و مێژوو شاهیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدات كە هەمیشە یەكێتی بە خوێنی رۆڵەكانی كوردستانی پاراستووە. رووبەڕووبوونەوەی داعش لە خانەقینەوە تا مەخموور و لەوێوە بۆ رۆژئاوا و كۆبانێ نموونەی ئەم راستییەن".

باسی لەوەشکردووە "لەكاتێكدا كە هێشتا مەترسییەكانی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و بیری توندڕەوی ریشەكێش نەكراوە، پێویستە هەموومان بەستراتیژێكی نوێوە رووبەڕووی مەترسییەكان ببینەوە و یەكدەست و یەكدەنگ بین لەپێناو پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەرانتر، بە پێویستی دەزانم لەم یادەدا سوپاس و دەستخۆشی ئاڕاستەی ھێزەکانی پێشمەرگە، دەزگای ئاسایشی ھەرێم، ئاژانسی پاراستن و زانیاری ھەرێم و دژەتیرۆر بکەم کە لەماوەی رابردوودا بەپشتیوانی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان چەندین پیلانی تیرۆریستییان شکستپێھێناوە و رۆڵی گرنگیان بینیووە لە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم".

لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە "جارێکیتر سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کارەساتی خێڵی حەمە و هەموو شەھیدانی کوردستان دادەنەوێنم و بەڵێن دەدەین وەفاداربین بەرامبەر خوێنی شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەكەیان".

س.س
Qaiwan
Qaiwan